Accessibility links

شای بەلژیکا لەمەڕ حوکمڕانی سەردەمی کۆلۆنیالی مەخابن دەردەبڕێت


بۆ یەکەم جار لە مێژووی بەلژیکا شای فەرمانڕەوای وڵات مەخابنی خۆی دەربڕی لەسەر ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن هێزی کۆلۆنیالی پێشوو ئەنجامدران، کاتێک بەلژیکا حوکمڕانی دەکرد و ئێستاش کۆماری دیموکراتی کۆنگۆیە.

ئەمڕۆ سێشەممە و لە 60 هەمین ساڵیادی سەربەخۆیی کۆنگۆ، شای بەلژیکا " فیلیپ" نامەیەکی بۆ فلێکس شیسیکیدی سەرۆک کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ نارد و تیایدا مەخابنی زۆری خۆی دەربڕی لەسەر رەفتارەکانی توندوتیژی و دڕندایەتی و هەروەها ئازار و سووکایەتی بە خەڵکی لە سەردەمی کۆنگۆی بەلژیکی. ناردنی نامەکەی شا فلیپ لە سەروبەندی داواکاریـیەکانە بۆ هەڵسەنگاندن و پیاداچوونەوەی بەلژیکا بە رابردووی کۆلۆنیالیزمی خۆیدا.

پێشینی دەکرێت ئەمڕۆ پەیکەری شا لیوپۆلدی دووەم لە شاری جینت لاببرێت. دەڵێن ناوبراو لەو سەردەمە بەرپـرس بووە لە مەرگی ملیۆنان ئەفریکایی.

لە نامەکەیدا شای بەلژیکا فلیپ نوسیویەتی؛ لە پێناو زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوانمان و دروستکردنی دۆستایەتی زیاتر بە ئاکام ، دەبێت بتوانین لەگەڵ یەکتری بدوێین سەبارەت بە مێژووی درێژی هاوبەشمان بەو پەڕی راستگۆیانەوە. شا فلیپ گوتیشی مێژووەکەمان لە دەسستکەوتە هاوبەشەکانمان پێکهاتووە ، بەڵام بە سەردەمەکانی ئازاراوی دەناسرێت.

لە ئاکامی ناڕەزاییەکانی دەرئەنجامی نایەکسانی نەژادی ئەوەی بەهۆی مردنی جۆرج فلۆید لە 25 مانگی رابردوودا لە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەرپابوو، ژمارەیەک لە پەیکەرەکانی شا لیوپۆڵد ی دووەم تێکشکێندراون ، ئەو شایەی ئۆباڵ مەرگی بە ملیۆنەهای ئەفریکایی دەخرێتە ئەستۆ لە میانەی حوکمڕانی کۆلۆنیالیزمی بەلژیکیدا. لە سکاڵانامەیەکدا داوا لە بەلژیکا دەکرێت هەموو پەیکەرەکانی شای پێشوو لاببرێن.

شا لیوپۆڵد حوکمڕانی کۆنگۆی وەک دەرەبەگی دەکرد و زۆربەی خەڵکەکەی ناچاری کۆیلایەتی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندی کەسایەتی خۆی

دوای کۆتایی هاتنی خاوەنێتی خۆی بۆ کۆنگۆ لە ساڵی 1908 دا ، شا لیوپۆڵد ئەو وڵاتەی ناوەندی ئەفریکای رادەستی دەوڵەتی بەلژیکای کرد ، دەسپێکی حوکمڕانی لە ساڵی 1885 دا بوو کە بە دڕاندایەتی ناسرابوو . هەندێک لە شارەزایان دەڵێن شا لیوپۆڵد بووە مایەی مردنی نزیکەی 10 ملیۆن کەس.

سەرچاوە: ئەسۆسییەت پرێس

XS
SM
MD
LG