Accessibility links

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا: سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس بە پارێزراوی گەیشتۆتە وڵاتەکەمان


سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانوسکایا

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لیناس لینکاڤیچوس وتی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانوسکایا لەنێوەندی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیدا گەیشتۆتە لیتوانیا و بارودۆخی باشە.

تیخانوسکایا ڕکابەری سەرەکی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لۆکاشینکۆ بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا وتی دوای دوو ڕۆژ لە پێکدادانەکان لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئالکساندەر لوکاشینکۆدا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە، سڤیتلانا تیخانوسکایا و منداڵەکانی بە پارێزراوی گەیشتوونەتە لیتوانیا.

تیخانوسکایا وەکو کاندیدێکی بەهێز دەرکەوت بەرامبەر لوکاشینکۆ کە چەند ساڵێکی زۆرە سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، دوای سەرکەوتنی لوکاشینکۆ لە هەڵبژاردنەکاندا، خۆپیشاندانەکان دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لوکاشینکۆ دەستی پێکرد.

دوای ئەوەی تیخانوسکایا وتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ساختەن، پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرەکاندا ڕوویدا و کەسێک کوژرا.

تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی تیخانوسکایا ئاماژەی بەوەدا نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نازانن لەکوێیە، ئاماژەشیان بەوەدا تیخانوسکایا ناچارکراوە وڵاتەکە جێبهێڵێت.

بەرپرسێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی تیخانوسکایا وتی " لەلایەن کاربەدەستانەوە لە وڵاتەکە دوورخراوەتەوە، هیچ بژاردەیەکی نەبووە. پێنج خولەک پێش کۆبوونەوەکە تاوتوێی پلانەکانی داهاتوومان دەکرد و هیچ نیازێکی نەبوو وڵاتەکە جێبهێڵێت."

لەلای خۆیەوە تیخانوسکایا ڕەتی کردەوە ناچار کرابێت بێلاڕوس بەجێبهێڵێت، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو بڕیاری جێهێشتنی وڵاتەکە زۆر قورس بووە.

وتی " بڕیارێکی زۆر قورسمدا، بڕیارێکی زۆر قورس بوو خۆم دام."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG