Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس دەستپێکردنی مانگرتنی گشتی پشتڕاست دەکاتەوە


ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانوسکایە

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانوسکایە جەختی لەوە کردەوە لایەنگرانی مانگرتنی گشتیان لەسەر ئاستی وڵاتەکە دەست پێکردووە، ئەمەش دوای کۆتای هاتنی ئەو ماوەیەی تیخانوسکایە بۆ سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆی دانابوو تاوەکو دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

تیخانوسکایە لە هەژماری خۆی لە تێلیگرام وتی " ئەمڕۆ مانگرتنی گەل دەست پێدەکات."

وتیشی " کارمەندانی کارگە و دامەزراوە حکومیەکان و کارمەندانی گواستنەوە و کرێکارەکانی کانە خەڵوزەکان و مامۆستایان و خوێندکاران لە بەیانی ئەمڕۆوە مانیان گرتووە."

پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی دووشەممە سەرجەم دەرمانخانە سەرەکییەکان و دوکانەکان لە مینسک کراونەتەوە، بەڵام هەندێک لە کۆمپانیا بچووکەکان کارەکانیان ڕاگرتووە.

چەند هەزار کەسێکیش لە خانەنشینان و خوێندکاران ڕژانە سەر شەقامەکانی مینسک بۆ پشتیوانیکردن لە چینی کرێکارانی وڵاتەکە.

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانوسکایە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممەی دابوو بە سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ تاوەکو دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران ڕابگرێت و زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات، ئاماژەشی بەوەدا بوو ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن ئەوا لە ڕۆژی دووشەممەوە مانگرتنی گشتی دەست پێدەکات.

بەڵام لەلای خۆیەوە لوکاشینکۆ کە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بە تۆمەتی ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتباری کردووە، ئاگادارکردنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی پشتگوێ خست و فەرمانی بە پۆلیسی وڵاتەکە کرد بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG