Accessibility links

خۆپیشاندانی نوێ لە بێلاڕوس و دەستگیرکردنی دەیان کەس


دووبارە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس ڕژانەوە سەر شەقامەکان و دژی سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ خۆپیشاندانیان کرد.

بەپێی پەیامنێرانی فرانس پرێس لە زۆرێک لە شوێنەکانی میسنکی پایتەختی بێلاڕوس، دەیان هەزاران کەس خۆپیشاندانیان کرد و ئاڵای ئۆپۆزسیۆنیان بەرزکردەوە.

پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە مینسک بڵاوکرابوونەوە، ڕێکخراوی ڤیاسنا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ وتی دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان پۆلیس نزیکەی 70 خۆپیشاندەری دەستگیرکردووە.

هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بێلاڕوسیەکان باسیان لە پێکدادانەکانیان کرد لەگەڵ پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدەرانەدا.

خۆپیشاندەرێک بە فرانس پرێسی وت " ناتوانم ئەمەی ئێستا ڕوودەدات قبوڵی بکەم، هەست بە بێزاری دەکەم کاتێک بیر لەو کەسانە دەکەمەوە کە دەسەڵاتیان بەسەر ئەم وڵاتەدا هەیە و ئەو بەهایانەشی کە بەرگری لێدەکەن."

لەلای خۆیەوە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆوسکایا لە لیتوانیاوە پێشوازی لە خۆپیشاندانەکان کرد و وتی " ئەمە هەنگاوێکی نوێیە بەرەو بێلاڕوسێکی ئازاد و دادپەروەر." ئەوەش لە پەیامێکی پشتیوانیدا بۆ خۆپیشاندەران کە لە تێلیگرام بڵاویکردۆتەوە.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت " ناکرێت وڵاتەکەمان بکەینە زیندان."

ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس داوای دەست لەکارکێشانەوەی لوکاشینکۆ دەکات کە لە مانگی هەشتدا دووبارە و بۆ شەشەمین جار وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆن دەڵێن ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا.

هەفتانە ڕۆژانی یەکشەممە لە بێلاڕوس خۆپیشاندان دەکرێت، هەندێک جار زیاتر لە سەد هەزار کەس بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی مینسکدا کردووە کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەو وڵاتەدا، بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا ژمارەی خۆپیشاندەران کەمیکردووە.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا هەزاران کەس دەستگیرکراون و لانی کەم چوار خۆپیشاندەر کوژراون و دەیان کەسیش سەرکۆنەی ئەو ئەشکەنجەدان و کردەوە توندوتیژیانەیان کردووە کە بەرامبەریان کراوە.

لوکاشینکۆی تەمەن 66 ساڵ کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت و لە ساڵی 1994 ەوە سەرۆکی بێلاڕوسە، ڕەتی دەکاتەوە واز لە دەسەڵات بهێنێت و بەمەبەستی هێورکردنەوەی توڕەیی شەقامەکان تەنها باسی لە هەڵمەتەکانی ئەنجامدانی چاکسازی کردووە لە دەستووردا.

XS
SM
MD
LG