ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ مەدرید داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سزاکانی سەر حکومەتەکەی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ فراوانتر بکات و پۆلیس و بەرپرسانی ناوەندەکانی دەنگدانیش بگرێتەوە.
یەکێتی ئەوروپا دانی نەناوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوسدا کە لە مانگی هەشتدا بەڕێوەچوو و تیایدا لوکاشینکۆ دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، دواتر یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر لوکاشینکۆ و کوڕەکەی و نزیکەی 80 کەسی دیکە لە حکومەتەکەیدا.
تیخانۆڤسکایە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئیرنشا گۆنزالێس لایادا وتی " نامەوێت لۆمەی کەس بکەم بەڵام سەیرە تەنها کۆمەڵێکی کەم خراونەتە لیستی سزاکانەوە."
جەختیشی لەوە کردەوە 32 هەزار کەسی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لەسەر دەستی هێزەکانی ئاسایشی حکومەت دەستگیرکراون.
وتیشی " دوای دەنگدانەکە زۆرێک کاری توندوتیژی و خراپیان دژی خەڵکەکە ئەنجامداوە. ئایا ئەوروپا پێی وایە تەنها کۆمەڵێک کەس بەرپرسن لەوە ؟ ئەوروپا دەتوانێت زیاتر بکات، لەڕووی سزاکانەوە دەتوانێت زۆر لەوە زیاتر بکات."
هەروەها پێشنیاری کرد سزاکان فراوانتر بکرێن و " خەڵکی ئاسایی " وەکو "پۆلیسەکان سزا بدرێن کە لە خەڵکیان داوە و ئەوانەشی کە بەرپرس بوون لە ناوەندەکانی دەنگداندا و یارمەتیدەر بوون لە ساختەکارییەکاندا سزا بدرێن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس