Accessibility links

ڕێکخراوی ڤیاسنا: دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مینسکدا


ڕێکخراوی ڤیاسنای مافەکانی مرۆڤ وتی ڕۆژی یەکشەممە لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مینسکی پایتەختی بێلاڕوسدا دەیان کەس دەستبەسەرکراون.

ڤیاسنا ئاماژەشی بەوەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس گەمارۆی ناوەڕاستی مینسکیان داوە و هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیان داوە کە داوا دەکەن سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی " ناشا نیڤا "ی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنەوە، نزیکەی 100 گردبوونەوە لە مینسک و ناوچەکانی دەوروبەری ڕێکخراون.

بەپێی پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، جیا لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەکانی پێشوو، ئەمجارە میترۆکانی ناوەڕاستی پایتەخت دانەخرابوون و پەیوەندییەکان و هێڵەکانی ئینتەرنێتیش نەپچڕابوون.

ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس و ڕۆژئاوا پێیان وایە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوس کە لە سەرەتای مانگی هەشتدا بەڕێوەچوو و بووە هۆی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لوکاشینکۆ وەکو سەرۆکی وڵاتەکە، ساختەکاری تێداکراوە و نەدەبوو لوکاشینکۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

لە ساڵی 1994 ەوە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕوسە.

لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە دەیان خۆپیشاندەر لە بێلاڕوس دەستگیرکراون، زۆرێکیشان بەرەو لیتوانیا و پۆڵەندا هەڵهاتن، لەوانەش ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG