لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکەدا، ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە توندتر کردەوە، لەوانەش قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی بەشێکی خوێندنگاکان.
سەرۆکی حکومەتی ویلایەتی باڤاریان مارکۆس سودەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی لە ڕۆژی چوارشەممەوە داوا لە باڤارییەکان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە و تەنها بۆ کاری پێویستی وەکو کڕینی پێویستیەکانی ماڵ و سەردانیکردنی پزیشک بچنە دەرەوە.
دوای ئەوەی دڵنیا بوونەوە لەوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە کۆتایی مانگی یانزەدا گیرانەبەر لە ویلایەتەکە بەس نیە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سودەر وتی " بەداخەوە ڕەوشەکە مەترسیدارە، دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین، دەبێت بجوڵێین."
بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکە شوێنە ڕۆشنبیرییەکان و چێشتخانە و باڕەکان دادەخرێن و سنوور بۆ گردبوونەوەکان دادەنرێت و بەشێک لە خوێندنگا و دوکانەکان بەکراوەیی دەمێننەوە.
ئەم هەفتەیە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکەکانی حکومەتەکانی 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا ڕێکەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ڕێوشوێنەکان تاوەکو 10 ی مانگی 1 ی ساڵی داهاتوو.
سەرچاوە/ فرانس پرێس