Accessibility links

هەواڵگری بەلجیکا پێش هێرشە تیرۆریستیەکان بەرشەلۆنەی ئاگادارکردۆتەوە


ڕۆژنامەی The Sunday Times ی بەڕیتانی وتی پۆلیسی بەرشەلۆنە زانیاریی هەواڵگری گرنگیان لە بەلجیکاوە پشت گوێ خستووە لەسەر پلانگێڕی هێرشەکانی سەر بەرشەلۆنە و کابریلیس.

بەپێی سەرچاوەکە دەزگای هەواڵگری بەلجیکا پێش دوو هێرشەکەی سەر بەرشەلۆنە و کامبریلیس بەرپرسانی بەرشەلۆنەی لە عەبدول باقی سەتی ئاگادارکردۆتەوە کە ئیمامی مزگەوتێک بووە و توانیویەتی کۆمەڵێک گەنج بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و مێشکیان بشواتەوە.

سەرچاوەکە وتیشی دەزگاکانی ئاسایشی بەرشەلۆنە ویستوویانە خۆیان بە تەنها لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەلجیکا بکەن بۆ ئەوەی وادیار نەبن پشت بە بەرپرسانی مەدرید دەبەستن چونکە هەندێک ناکۆکی هەیە لەنێوان هەرێمەکە و حکومەتی ناوەندا.

لە ساڵی 2004 دا ئیمامەکە زیندانی کراوە لەسەر دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان، دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکراوە بەرپرسان نەیانتوانیوە بینێرنەوە بۆ مەغریب بەهۆی ئەوەوە کە شکاتی کردووە و وتوویەتی دوورخستنەوەی لە ئیسپانیا پێشێلکردنی مافەکانیەتی.

بەرپرسانی بەرشەلۆنە بڵاویان کردەوە کە عەبدول باقی سەتی بەرپرسە لە ڕاکێشان و مێشک شۆردنەوەی ژمارەیەک لە گەنجان کە بەشداربوون لە دوو هێرشەکەدا.

بەپێی سەرچاوەکە بەرشەلۆنە شکستی هێناوە لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانیدا لە مەدریدی پایەخت، کە ئەوەش ڕێگەی داوە بە تیرۆریستان دوو هێرشەکە ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG