بەنگلادیش یەکەمین باری سوتەمەنی یۆرانیۆمی ڕووسیایی بە دەست گەیشت، ئەوەش لە پێناو دروستکردنی یەکەمین وێستگەی ئەتۆمیدا لەو وڵاتەدا. بەمەش بەنگلادیش دەبێتە سی و سێهەمین وڵات لە بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیدا.
بەنگلادیش بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ئەتۆمی ڕۆساتۆمی ڕووسیادا یەکەمین وێستگەی وزەی ئەتۆمی دروست دەکات. لە سەدا 90 ی پڕۆژەکە بە قەرزێکی ڕووسیا دەبێت کە دەکرێت لە ماوەی 28 ساڵدا بەنگلادیش ئەو قەرزە بداتەوە.
سەرۆک وەزیری بەنگلادیش شێخ هاسینا لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەنگلادیش وتی " ئەمڕۆ ڕۆژی شانازی و خۆشییە بۆ گەلی بەنگلادیش."
حکومەتەکەی هاسینا لە ژێر فشاری ئەمەریکادایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی "ئازاد و دادپەروەرانە " کە بڕیارە لە مانگی یەکدا بەڕێوەبچێت. هاوکات واشنتن سزای قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزای بە هەندێک لە بەرپرسانی بەنگلادیش و ڕابەرانی پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دڵنیاییدایە بەنگلادیش لەسەر ئەوەی مۆسکۆ پابەندە بە تەواوکردنی پڕۆژەکەوە لە کاتی خۆیدا، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە دژی ڕووسیا دروست بوون.
کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و سزاکانەوە دواکەوتووە.
بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر مۆسکۆ، بەنگلادیش لە مانگی دوانزەدا ڕەتی کردەوە هیچ کەشتییەکی ڕووسیا بە پێداویستی وێستگە ئەتۆمییەکەوە هاتبێتە ناو بەنگلادیشەوە.
یەکەم یەکەی وێستگەکە کە توانای بەرهەمهێنانی 2400 مێگاوات کارەبای هەیە، بڕیار بوو لە مانگی حەوتی ساڵی داهاتوودا دەستبەکاربێت، بەڵام ڕووبەڕووی دواخستن بووەتەوە بەهۆی کێشەی نەدانەوەی قەرزەکانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز