Accessibility links

لە تەقینەوەی کارگەیەکدا لە بانکۆک کەسێک گیانی لەدەستدا و 27 کەسی دیکە برینداربوون


بەرپرسانی ناوخۆی تایلاند وتیان لە تەقینەوەیەکدا لە کارگەیەکی پلاستیک لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی بانکۆکی پایتەختی وڵاتەکە لانی کەم کارمەندێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گیانی لەدەستدا و 27 کەسی دیکە برینداربوون.

لەکاتێکدا دوکەڵی تەقینەوەکە لە دووری 35 کیلۆمەترەوە لە ناوەڕاستی شاری بانکۆکەوە دەبیندرا، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گواستنەوەی ئەو خەڵکانەی لەنزیک شوێنی تەقینەوەکەوە دەژین.

کاتژمێر 3 ی بەیانی تەقینەوەکە لە کارگەی مینگ دی کیمیایی سەر بە تایوان ڕوویداوە کە دەکەوێتە قەراغ شاری بانکۆکەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی سوڤارنابومی.

سومساک کایوسینای بەڕێوبەری ناوچەی بانگ پلی کە کارگەکەی لێیە وتی " 27 بریندارمان هەیە و کەسێکیش گیانی لەدەستدا کە کارمەنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بوو."

کایوسینا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت تاوەکو ئێستا 500 کەس گواستراونەتەوە بۆ دوو شوێنی حەوانەوە. تاوەکو دوانیوەڕۆ بەتەمەنەکان گواستراونەتەوە بۆ قوتابخانەیەک کە 9 کیلۆمەتر لە شوێنی ڕووداوەکەوە دوورە.

جەنەڕاڵ ئاپون بواروپۆن وتی بە خەڵکەکە وتراوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان بەدووربگرن لە لانی کەم 500 مەتر بە دەوروبەری شوێنی تەقینەوەکەدا.

وتی " ئێمە نازانین ئایا ‌هیچ شتێکی دیکە ماوە بتەقێتەوە یاخود نا. تیمەکان هێشتا کاردەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە."

تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG