Accessibility links

بەحرەین 77 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت


وەزارەتی تەندروستی بەحرەین 77 حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند و ئەوەشی خستەڕوو هەموو ئەو کەسانە لەنێو ئەو هاوڵاتیانەدا بوون کە ڕۆژی پێنجشەممە بە فڕۆکە لە ئێران هێندراونەتە دەرەوە.

بەم پێیەش تێکڕای ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا گەیشتە 189 حاڵەت، 39 حاڵەتیان چاک بوونەتەوە. هیچ گیان لەدەستدانێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتەدا تۆمار نەکراوە.

یەکەمین فڕۆکە کە ڕەوانەی ئێران کرا بۆ هێنانە دەرەوەی هاوڵاتیانی بەحرەینی لە ئێران 165 هاوڵاتی هێنایەوە، 77 کەسیان پشکنینیان بۆ کراو و دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

ئەو کەسانەی ماونەتەوە دەبێت بۆ ماوەیەک لە بەحرەین لە کەرەنتینەدا بن.

هەموو وڵاتانی کەنداو حاڵەتی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکردووە بەڵام تا ئێستا هیچ گیان لەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.

ڕۆژی چوارشەممە کوەیت 3 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند، بەوەش تێکڕای ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا گەیشتە 72 کەس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG