Accessibility links

بڵاوکردنەوەی سوپا لە سیدنی بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ


سوپای ئوستڕاڵیا لە شەقامەکانی سیدنی بڵاودەکرێنەوە، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شارەکەدا.

دوای ئەوەی پۆلیسی ویلایەتی نیو ساوث وەیڵز داوای یارمەتی لە سوپا کرد بۆ سەپاندنی ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرپرسانی ئوستڕالیا نزیکەی 300 سەربازی هێزەکانی بەرگری وڵاتەکە لە سیدنی بڵاودەکەنەوە.

بەرپرسانی وڵاتەکە کۆشش دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سیدنی و سەپاندنی ڕێوشوێنە تەندروستیەکان، ئەمە لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە زیاتر لە 3,600 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.

ڕۆژی شەممە کۆمسیاری پۆلیسی نیو ساوث وەیڵز میک فۆلەر وتی " پۆلیس لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئوستڕالیاوە یارمەتی دەدرێن لە گەیاندنی خۆراک و سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پابەندبوون بە فەرمانەکانی مانەوە لە ماڵەوە و قەدەغەکردنی هاتوچۆ."

زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئوستڕالیا لە گەورەترین شاری وڵاتەکە و دەوروبەریدا دەچنە هەفتەی شەشەمی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە و وابڕیارە قەدەغەکردنەکە تاوەکو کۆتایی مانگی هەشت بەردەوام بێت.

هاوڵاتیان تەنها بۆ وەرزش و کاری سەرەکی و هۆکارە تەندروستیەکان و بازاڕکردنی پێویست دەتوانن بچنە دەرەوە.

بەڵام زۆرێک پابەندی ڕێوشوێنەکان نەبوون و غەرامەکردنی ئەوانەی ڕێوشوێنەکان پێشێل دەکەن لەلایەن پۆلیسەوە زیادیکردووە.

هێزی بەرگری ئوستڕالیا وتی پێشتر 200 سەرباز لە هۆتێل و فڕۆکەخانەکانی نیو ساوث وەیڵزدا جیگیرکراون.

جێی ئاماژەیە سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 14 ملیۆن لە دانیشتوانی ئوستڕالیا لە کۆی 25 ملیۆن هەردوو بەشە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، بەرپرسانی وڵاتەکە هێشتا بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

تاوەکو ئێستا ئوستڕالیا زیاتر لە 34,000 هەزار حاڵەتی توشبوون و 925 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG