Accessibility links

ئوستڕاڵیا پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هۆنگ کۆنگ درێژدەکاتەوە


سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن

سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ڕاگەیاند بەمەبەستی یارمەتیدانی هاوڵاتیانی هۆنگ کۆنگ تاوەکو ژیانێکی نوێ لە ئوستڕاڵیا دەست پێبکەن، یەکێک لەو ڕێوشوێنانەش درێژکردنەوەی ڤیزای هاوڵاتیانی هۆنگ کۆنگە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەمەش دوای ئەوەی چین یاسای ئاسایشی نیشتیمانی سەپاند بەسەر ئەو شارەدا.

لە ڕێوشوێنێکی دیکەدا مۆریسن پەیماننامەی ڕادەستکردنی تاوانبارەکانی لەگەڵ هۆنگ کۆنگدا ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی ئەو یاسایەی سەپێندراوە بەسەر هۆنگ کۆنگدا کە بەپێی یاساکە چین دەتوانێت هەموو ئەو تاوانبارانەی ڕادەستی هۆنگ کۆنگ دەکرێن لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی چیندا دادگاییان بکات.

مۆریسن وتی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی کە هەفتەی ڕابردوو سەپێندرا بەسەر هۆنگ کۆنگدا گۆڕانکاری لە هەلومەرجەکەدا دروست کردووە و ئوستڕاڵیا پەیماننامەی ڕادەستکردنی تاوانبارەکان ڕادەگرێت.

وتیشی " هاوڵاتیانی هۆنگ کۆنگ پێدەچێت بیانەوێت بڕۆن بۆ شوێنێکی تر، بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ لە وڵاتێکی تر."

درێژکردنەوەی ماوەی ڤیزا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی هۆنگ کۆنگ کە ئێستا لە ئوستڕاڵیا دادەنیشن و دەتوانن بمێننەوە. هەروەها ئەو خوێندکارانەشی کە لە ئوستڕاڵیا دەخوێنن دەتوانن تاوەکو پێنج ساڵ لەوێ بمێننەوە و دواتر داوای مانەوەی هەمیشەیی بکەن لەو وڵاتەدا.

مۆریسن ئەوەشی خستەڕوو 10 هەزار هاوڵاتی هۆنگ کۆنگ لە ئوستڕاڵیان و بەشێکیان بە ڤیزای خوێندن و بەشەکەی دیکەیان ڤیزای کاتین بۆ کارکردن لە وڵاتەکەدان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG