زانکۆی ئەمەریکایی ئەفغانستان AUAF کە شوێنێکی ئاست بەرزە بۆ خوێندنی باڵا لە وڵاتەکە جارێکی تر دەرگاکانی کردەوە، دوای حەوت مانگ لەو هێرشە تێرۆرستیەی کرایە سەری کە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 35 کەسی تر.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەو هێرشەی کە لە مانگی هەشتدا ڕوویدا 7 خوێندکار و یەک پرۆفیسۆر و 3 پۆلیس و 2 ئەندامی ئاسایش کوژران.
دەستەی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی زانکۆکە کە لە ئەفغانی و کەسانی بیانی، لە نێویاندا ئەمەریکاییش هەن، بە فەرمی ڕۆژی شەممە دەستیان بە کارکردەوە و بڕیارە سبەی سێشەممە پۆلەکانی زانکۆکە بکرێنەوە و خوێندن تیایاندا دەسـتپێبکاتەوە.
دەیڤد سێدنی بریکاری سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان بە بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکا وت" ئێمە بەردەوامبوونی لە وابەستەیی خۆمان بۆ ئایندەی ئەفغانستان."
وتیشی زانکۆکە ئێستا بەراورد لەگەڵ جاران سەلامەتترە، چونکە لە دوای هێرشە تێرۆرستیەکەی ساڵی ڕابردوو ڕێوشوێنی نوێی ئاسایشی گیراونەتەبەر.
پێش ئەو هێرشە لە هەمان مانگدا، پرۆفیسۆرێکی ئەمەریکایی و پرۆفیسۆرێکی ئوسترالی لە ژێر هەڕەشەی چەک لە لایەن میلیتانانەوە ڕفێندران. لە مانگی یەک هەردوو پرۆفیسۆرکە لە ڤیدیۆکدا دەرکەوتن و داوایان لە حکومەتی ئەمەریکا کرد دانوستاندن بکات و ئازادکردنیان مسۆگەر بکات، بەڵام هێشتا ئازاد نەکراون.
زوبەیدە ئەکبەر بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆکە بە دەنگی ئەمەریکای وت" لە دوای هێرشەکەی مانگی هەشتی ساڵی 2016 و داخستنی زانکۆکە، ئێمە بە سیستمی ئاسایشی خۆماندا چووینەوە هەتا بەهێزتری بکەین و خوێندکارەکانمان بۆ ژینگەیەکی سەلامەتتر بگەڕێنەوە."
زانکۆکە لە ساڵی 2006 بە یارمەتی زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان دامەزرا و بەرنامەکانی خوێندن تیایدا لەسەر سیستمی خوێندنی زانکۆکانی ئەمەریکایە.
زاڵمای خەلیلزاد کە ئێستا ئەندامی دەستەی زانکۆکەیە بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئەمڕۆ ڕۆژێکی باشە بۆ جیهان. زۆر خۆشحاڵم زانکۆی ئەمەریکایی ئەفغانستان جارێکی تر کرایەوە. دەزانم خەڵکی زانکۆ بە تامەزرۆوە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بوون."
وتیشی "خەڵکی ئەفغانی و ڕێبەرایەتی ئەفغانی هەموویان کۆبوونەوە بۆ پشتیوانیکردن لە زانکۆکە."
نزیکەی 1700 خوێندکار لەم زانکۆیە دەخوێنن کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین زانکۆکانی وڵاتەکە دادەنرێت. هەندێک لە دەرچووانی زانکۆکە لە پۆستە باڵاکانی ناو حکومەتی ئەفغانیدا کاردەکەن.
زوبەیدە ئەکبەر وتی" ئامانجمان یارمەتیدانە لە بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش و نوێ باوە بۆ ئەفغانستان و دەمانەوێت یارمەتی بدەین لە فێرکردنی ڕێبەرانی ئایندەی ئەفغانستاندا."
سەرچاوە/ VOA