Accessibility links

ڕۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستانە ئامادەی دانوستانەکانی ئاشتی سوریا دەبێت


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا وتی ڕۆژی هەینی ئامادەی نوێترین خولی دانوستانەکانی ئاشتی سوریا لە ئەستانە دەبێت.

لەم مانگەدا دانوستانەکانی ئاشتی سوریا کە ستافان دی میستۆرا تیایدا نێوەندگیری دەکات گەیشتە بەردەم ڕێگەیەکی داخراو و وتی دانوستانەکان هەلێکی ئاڵتونیی بەفیڕۆ چووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی بەردەوامی ناوخۆی سوریا کە بۆ ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە بەردەوامە.

دی میستۆرا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت ساڵی داهاتوو پێشنیاری نوێ دەکات بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان ڕازی بکات ئامادەی دانوستانەکان ببن و ڕێبکەون لەسەر چاکسازی لە دەستووردا و هەروەها هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەن و چارەسەری ناکۆکییەکانیان بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە دی میستۆرا وتی بەنیازە خولی داهاتووی دانوستانەکانی جنێڤ لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا ساز بکات.

دی میستۆرا لە میانەی کۆبوونەوەکانیدا سەبارەت بە سوریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ و وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرجی شوێجۆدا وتی " بەنیازم دوای ئەم کۆبوونەوەیە بچم بۆ ئەستانە."

جێی ئامادەیە زۆرجار ئەو بەروارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دایدەنێت بۆ دانوستانەکان ڕووبەڕووی قورسایی زۆر دەبێتەوە بەڵام بوونی زلهێزەکانی جیهان لە کۆبوونەوەی لوتکەی دارایی جیهان و کۆبوونەوەی داڤۆس لە سویسرا لە ماوەی نێوان 23 و 26 ی مانگی یەکدا لەڕووی سیاسییەوە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکان.

ڕاوێژکاری دی میستۆرا بۆ کاروباری مرۆیی ئیان ئیگلاند وتی هیوادارە دانوستانەکانی ئاشتی لە ئەستانە ببێتە هۆی وەستانی کردەوە تونوتیژییەکان لە غوتەی ڕۆژهەڵات. هەروەها وتیشی کاروانی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێی ڕەزامەندی حکومەتی سوریادا دەکەن بۆ چوونە ناوەوە بۆ سوریا و ئاماژەشی بەوەدا نرخەکانی خۆراک هەشت هێندەی نرخەکان لە مانگی هەشتدا زیادی کردووە.

وتیشی " 495 کەس هەن پێویستیان بە فریاگوزاری تەندروستی هەیە. ئەو ژمارەیەش لە کەمبووندایە، نەک لەبەر ئەوەی ئێمە ڕزگاریان دەکەین بەڵکو لەبەر ئەوەی دەمرن."

وتیشی ڕوسیا و ئێران و چین و میسڕ و جەزائیر و عێراق دەتوانن هەموویان پێکەوە دەسەڵاتیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە.

هەروەها وتی " ئەگەر بمانەوێت لەم کێشەیە بێینە دەرەوە کەواتە بەهۆی ڕێکەوتنی سیاسییەوە دەبێت. لەبەر ئەوە هیوادارم دانوستانەکانی ئاشتی لە ئەستانە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بە گۆڕانکاریی لە قەیرانە مرۆییەکاندا کۆتایی پێبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG