Accessibility links

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و بەشار ئەسەد کۆدەبنەوە


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن میوانداری سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی کرد و گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا کە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو سەبارەت بە هەوڵە نوێیەکانی مۆسکۆ بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی سوریا دوای ئەوەی شکستیان بە ڕێکخراوی داعش هێناوە لە خاکی سوریادا.

دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر مۆسکۆ ئەرکە سەربازییەکانی لە سوریا دەست پێکرد لەبەرژەوەندی بەشار ئەسەد، ئێستا ڕوسیا چالاکانە هەوڵدەدات بگاتە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئاشتی لە سوریادا.

پوتن وتی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەسەددا لەماوەی چل و هەشت کاتژمێری داهاتوودا قسە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا دەکات کە کاریگەرییان هەیە لەسەر جەنگی سوریا و لەنێویشیاندا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و پاشای سعودیە و هەردوو سەرۆکی ئێران و تورکیا.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی سەرۆک ترامپ و پوتن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە کە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بەردەوام بووە باسیان لە بابەتەکانی سوریا و ئۆکرانیا و ئێران و کۆریای باکوور و ئەفغانستان کردووە.

جێی ئاماژەیە هەوڵەکانی ڕابردوو بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سوریا کە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە بەردەوامە شکستیان هێناوە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سوریاوە بەتایبەتی ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا.

دوای گفتوگۆکان لە ڕوسیا کە لە ساڵی 2015 ەوە ئەمە یەکەم سەردانی ڕاگەیەندراوی ئەسەدە بۆ ڕوسیا، وتەبێژی کرێملن ڕەتی کردەوە باس لەوە بکات کە ئاخۆ لە گفتوگۆکاندا باس لە داهاتووی ئەسەد کراوە یان نا و وتی ئەوە تەنها گەلی سوریا بڕیاری لەسەر دەدات.

وەکو ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی کە لەوانەیە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان بکەن، کەسایەتی ناودار لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیان لەکارەکانیان کێشاوەتەوە لەوانەش ڕیاز حیجابی سەرۆک وەزیری پێشووی سوریا.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە مۆسکۆ وتی دەست لەکارکێشانەوەکان باشتر دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆن و ڕەوشی سوریا.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و هاوتا ئێرانییەکەی حەسەن ڕۆحانی کە هەردوولایان پشتیوانی لە لایەنی جیاواز دەکەن لە سوریا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ڕوسیا دەکەن و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبنەوە.

سەردانەکەی ئەسەد بۆ ڕوسیا کورت بووە، کرێملن وتی ئێوارەی دووشەممە گەیشتۆتە ڕوسیا و گفتوگۆی لەگەڵ پوتندا کردووە و دوای چوا کاتژمێر لە گەیشتنی ڕوسیای بەجێ هێشتووە. بەرپرسانیش هیچ هەواڵێکیان لەسەر کۆبوونەوەکە نەدا تاوەکوو بەیانی ڕۆژی سێشەممە.

دوو سەرۆکەکە لە سوچی باشووری ڕوسیا کۆبوونەتەوە. پوتن بە ئەسەدی وتووە ئێستا کاتی ئەوەیە ئەرکە سەربازییەکان بگوازینەوە بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ئاشتیانەدا.

سوپای سوریا و هاوپەیمانانی لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەدا دەستیان گرتەوە بەسەر شاری ئەلبوکەمالدا کە کۆتا شوێن و موڵگەی سەرەکی ڕێکخراوی داعش بوو لە سوریادا.

پوتن بە ئەسەددی وتووە " هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەبەردەمدا ماوە تاوەکوو سەرکەوتنێکی تەواو بەسەر تیرۆریستاندا تۆمار بکەین، بەڵام سەبارەت بە هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە خاکی سوریادا ئەرکە سەربازییەکان بەرەو کۆتایی دەچن."

وتیشی" پێم وایە گرنگترین شت بابەتە سیاسییەکانە و تێبینی ئەوەم کردووە کە ئێوە ئامادەن کار لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکەن کە ئاشتیان دەیەوێت و دەیانەوێت بگەنە چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکان."

لەلایەن خۆشیەوە ئەسەد وتی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە خاکی سوریادا دروست بووە لەڕووی سیاسییەوە ڕێ خۆشکەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی. وتیشی پشت بە یارمەتیدانی ڕوسیا دەبەستێت لەوەی گرەنتی بداتێ لایەنی دەرەکی دەست وەرنەدەنە سیاسەتی ناوخۆی سوریاوە.

وتیشی نایەوێت سەیری ڕابردوو بکات و پێشوازی لە هەر لایەنێک دەکات کە بەڕاستی بیانەوێت بگەنە چارەسەرێکی سیاسیی لەڕێی گفتوگۆکردنەوە.

دوایین جار پوتن و ئەسەد کۆبوونەوە لە 20 ی مانگی 10 ی 2015 دا بوو چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ڕوسیا ئەرکە سەربازییەکانی لە سوریا دەستپێکرد و ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێزەکانی حکومەتی سوریا کرد لەدژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوی داعش لە سوریادا.

ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی سوپای ڕوسیا لە پشتیوانیکردنی ئەسەددا. لەلای خۆشیەوە ئەسەد سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەو سەرکردە سەربازییە ڕوسیانەی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئەسەد بە سەرکردە سەربازییە ڕوسییەکانی وت " بەناوی هەموو گەلی سوریاوە سڵاو و سوپاستان ئاڕاستە دەکەم.. سوپاسی خۆم ئاراستەی هەر ئەفسەرێک و سەرباز و فڕۆکەوانێکی ڕوسی دەکەم کە یارمەتییان داین لەم جەنگەدا."

جێی ئاماژەیە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە کۆشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی سوری لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانیانەوە، ڕوسیاش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG