Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان سوپاسی پاکستان دەکات


سەرۆژی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

بەرپرسانی پاکستان وتیان سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی سوپاسی پاکستانی کردووە سەبارەت بە یارمەتییەکانی لەبەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا، ئەمەش لەکاتێکدا هەوڵە سیاسییەکان بەردەوامن لە گرەنتی بەردەوامبوونی پڕۆسەکە.

وابڕیارە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد سەردانی پاکستان بکات دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ غەنی و بەرپرسانی دیکەی ئەفغانستاندا لە کابوڵ.

لە بەیاننامەیەکی وتەبێژی حکومەتی پاکستاندا هاتووە دەڵێت غەنی پەیوەندیی بە سەرۆک وەزیری پاکستان عومران خانەوە کردووە و سوپاسی کردووە لەسەر نیازپاکی پاکستان لەم هەوڵانەدا.

هەروەها دەڵێت دوو سەرۆکەکە ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوام بوونی هاریکارییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی هەموو بابەتە هەڵبەستراوەکان.

جێی ئاماژەیە ئەفغانستان زۆرجار پاکستان تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تاڵیبان و بەرپرسانی پاکستانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ئیسلام ئاباد پشتیوانی لە چارەسەرێک دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان بەبێ ئەوەی باری ئابووری ئەفغانستان بڕوخێت.

لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی تاڵیبان وتیان پاکستان فشار دەخاتە سەرمان تاوەکو ڕازی ببین بە بەشداریکردنی حکومەتی ئەفغانستان لە دانوستانەکاندا، ئەمەش لەڕێی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای تاڵیبان لە شاری بیشاوەری پاکستان و دوای چەند ڕۆژێکیش ئازاد کرا.

نوێنەرانی تاڵیبان تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە سێ جار لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا زەڵمای خەلیلزاددا کۆبوونەتەوە و تا ئێستا ڕەتی دەکەنەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکەن و بە حکومەتێکی ناشەرعی دەزانن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG