Accessibility links

حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە ئارمین لاشێت دەکات بۆ جێگرتنەوەی مێرکڵ


ئاڕمین لاشێت

سەرکردایەتی حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی ئەڵمانیا پشتیوانی خۆی بۆ ڕابەری حیزبەکە ئارمین لاشێت دەربڕی بۆ جێگرتنەوەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ.

لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەرلین، بەرپرسانی باڵای سەرکردایەتی حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی پشتیوانی خۆیان بۆ لاشێت دەربڕی تاوەکو ڕابەرایەتی حیزبەکە بکات لە هەڵبژاردنەکانی 26 ی مانگی نۆدا، کە هاوکاتە لەگەڵ خانەنشینبوونی مێرکڵدا دوای 16 ساڵ مانەوەی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیادا.

بەڵام ڕکابەرەکەی لە حیزبی باڤاری مارکۆس سودەر جەختی لەوە کردەوە کۆڵ نادات لە شەڕی کاندیدکردنی، هەروەها داوای لە نوێنەرانی حیزبە بچووکەکەی کرد بەشداری بە ئەندامانی هاوپەیمانێتی پارێزگاران بکەن لە هەر بڕیارێکی کۆتاییدا.

سەرەڕای ئەوەی ڕابەرانی حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکرات زۆربەی کاتەکان خۆیان کاندید دیاریدەکەن بۆ پۆستی ڕاوێژکار، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ کەمبوونەوەی لایەنگرانی حیزبەکە لەناوخۆی ئەڵمانیادا، هەندێک داوا لە لاشێت دەکەن ئەو هەلە بداتە سودەر کە پشتیوانیەکی زیاتری لێدەکرێت لەلایەن گەلی ئەڵمانیاوە.

بەهۆی چۆنێتی وەڵامدانەوەیان بۆ قەیرانی پەتای کۆرۆنا و شکستهێنانیان لە دوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی ئەمدواییانەدا، هاوپەیمانێتی حیزبەکانی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی و یەکێتی کۆمەڵایەتی مەسیحی ڕووبەڕووی تۆمەتی قۆرخکردنی ئەو پارەیە بوونەتەوە کە دابینکراوە بۆ کڕینی دەمامک.

بەپێی ئامارەکانی ئێستا، هاوپەیمانێتی دوو حیزبەکە تەنها لە سەدا 26 بۆ 28,5 ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی 26 ی مانگی نۆ بەدەست دەهێنن.

لە ئێستادا حیزبی سەوزیش ڕکابەرایەتی هاوپەیمانێتیەکە دەکات دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپادا لە ساڵی 2019 دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا، هەروەها هیوادارن بتوانن پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەژێر دەستی حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتیدا دەربهێنن کە لە ساڵی 2005 ەوە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات.

لە مانگی یەکدا لاشێتی هاوپەیمانی کۆنی مێرکڵ بۆ سەرکردایەتیکردنی حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی هەڵبژێردرا، بەڵام دوابەدوای ئەوە شکست لەسەر شکستی هێناوە، هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی لایەنگرانی مێرکڵ بەهۆی ڕێوشوێنە توندەکانی کوارەنتینکردنی هاوڵاتیانەوە لە وڵاتەکەدا.

بەڵام سکرتێری گشتی حیزبەکە پۆڵ زیمیاک وتی " پشتیوانیەکی بەرفراوان " لە لاشێت دەکرێت " لەلایەن حیزبی یەکێتی مەسیحی دیموکراتی و یەکێتی کۆمەڵایەتی مەسیحیەوە بۆ پۆستی ڕاوێژکار."

لەلای خۆیەوە لاشێت پێشوازی لەو پشتیوانیە کرد کە ڕابەرانی حیزبەکەی دەریانخستووە و وتی هەوڵدەدات لەگەڵ سودەری ڕکابەریشیدا قسە بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG