سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان تورکیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " جارێکی دیکە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی " هەنگاو دەنێت و وتی سوپای تورکیا ڕاستەوخۆ ڕابەرایەتی هێرشێکی هێزەکانی ئازەربایجان دەکات بۆ سەر هێزەکانی ئەرمینیا لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.
هەریەک لە فەڕەنسا و ڕوسیا و ئەمەریکا داوای ئەوەیان کردووە بەزووترین کات شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بوەستێت، بەڵام تورکیای هاوپەیمانی ئازەربایجان وتی دەبێت ئەو سێ وڵاتە هیچ ڕۆڵێکیان نەبێت لە هەوڵەکانی ئاشتیدا.
پاشینیان بە ڕۆژنامەی لو فیگارۆی وت " ڕەوشەکە لە پێکدادانەکانی ساڵی 2016 خراپترە، گونجاوترە ئەگەر بەوەی ساڵی 1915 بەراوردی بکەین کاتێک لە یەکەمین کۆمەڵکوژی سەدەی بیستدا 1.5 ملیۆن ئەرمەنی کوژران."
وتیشی " دەوڵەتی تورکیا کە بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لە ڕابردوو جارێکی دیکە دەیەوێت بە ئاڕاستەی کۆمەڵکوژیدا بڕوات."
وتیشی تورکیا هەزاران چەکداری سوری بۆ ناوچەکە ناردووە و ئەفسەرە سەربازییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەرپەرشتیکردنی هێرشەکانی ئازەربایجاندا بەشدارن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز