ئەرمینیا 10 ڕۆژی دیکەی دەستکەوت تاوەکو لە ناوچەی کالبەجاری نزیک ناگۆرنۆ کاراباخ بکشێتەوە کە وابڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە ناوچەکە ڕادەستی ئازەربایجان بکرێتەوە.
ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی ئەرمینیا جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست و کۆتای هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانە کە هەفتەی ڕابردوو ئازەربایجان و ئەرمینیا بە سەرپەرشتی ڕوسیا واژۆیان کرد، کشانەوەکە دواخرا بۆ 25 ی مانگی یانزە، ئەوەش لەسەر داوای ئەرمینیا کە ڕوسیا پشتیوانی لێدەکات.
نوێنەری سەرۆکایەتی ئازەربایجان حیکمەت حاجییف وتی " ئازەربایجان ڕازیبووە کشانەوەی هێزەکانی ئەرمینیا و دانیشتووە ئەرمەنە نایاساییەکان لە کالباجار دوابخات بۆ 25 ی مانگی یانزە." ئاماژەشی بەوەدا ئەم بڕیارە " بڕیارێکی مرۆییە."
وتیشی کاتی کشانەوەی ئەرمەنەکان لە ناوچەکانی ئەغدام و لاچین نەگۆڕاوە.
گەڕانەوەی ئازەربایجان بۆ ئەم ناوچەیە دانیشتوانی کالباجاری ناچار کرد شوێنەکە جێبهێڵن، زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ماڵەکانی خۆیان سوتاند تاوەکو ئازەربایجانیەکان نەتوانن تیایدا بژین.
سەرچاوە/ فرانس پرێس