Accessibility links

سەرچاوەکان: کوشتنی خاشقچی پلانی پێکهێنانی ناتۆی عەرەبیی ئاڵۆزتر دەکات


جەمال خاشقچی
جەمال خاشقچی

ستراتیژییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کپکردنی دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی ئاسایشی عەرەبییەوە تەنانەت پێش کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیشەوە ڕووبەڕووی کێشە ببۆوە، بەپێی سێ سەرچاوەی ئەمەریکی ئێستا پلانەکە ڕووبەڕووی ئاڵۆزی نوێ بۆتەوە.

جێی ئاماژەیە کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ بووە هۆی کەوتنەوەی توڕەییەکی زۆری نێودەوڵەتی دژی شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان، ئەمەش لەکاتێکدا بەرپرسانی تورکی و هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان بە بەرپرسیار دەزانن لە کوشتنی خاشقچیدا.

ئامانج لە هاوپەیمانێتی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانانی حکومەتە سوننیەکانی وەکو سعودیە و ئیماڕات و کوەیت و قەتەڕ و عومان و بەحرەین و میسڕ و ئەردەنە لە هاوپەیمانێتیەکی ئاسایشیی و سیاسیی و ئابووری کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.

بەڵام ناکۆکیەکانی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی تێکچوونی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان قەتەڕ و سعودیە، بەربەستی خستە بەردەم دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانێتیە.

وابڕیارە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەرانی وڵاتانی عەرەبی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا ڕێکەوتنی سەرەتایی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکە واژۆ بکرێت. بەڵام کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەمەریکی و دیبلۆماتکارێکی عەرەبی وتیان ئێستا کۆبوونەوەکە نادیارە. وتیشیان چەند جارێک ئەو کۆبوونەوەیە دواخراوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەدا کوژرانی خاشقچی کۆمەڵێکی تەواو کێشەی وروژاند کە دەبێت چارەسەر بکرێت پێش ئەوەی بەردەوام بن لە پلانەکەیان بۆ دامەزراندنی ناتۆی عەرەبی. یەکێک لەو کێشانەش ئەوەیە کە چۆن شازادەی جێگرەوەی سعودیە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت بەبێ ئەوەی توڕەییەکی زۆری نێودەوڵەتی لێنەکەوێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕەتی کردەوە کوژرانی خاشقچی بەربەستی خستبێتە بەردەم پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکە و وتی ئەوە زۆر لە وڵاتێک گەورەترە و دۆسییەکەش دۆسیەی یەک کەسە.

یەکێک لە گەورە ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما ڕۆبەرت مالی وتی قورس دەبێت شازادەی جێگرەوەی سعودیە ئامادەی کۆبوونەوەکەی مانگی یەک ببێت، بەپێی ئەوەی کە چی ڕوویداوە و کاردانەوەکانیش چۆن دەبن.

وتیشی " دڵنیا نیم لەوەی لەم کاتەدا ئەو بیەوێت بێت بۆ ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG