Accessibility links

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کوشتارییەکانی غەززە شەرمەزار دەکەن


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر لەگەڵ سەرۆکی جامیعەی وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبول غێت

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی زمانی توندیان بەکارهێنا بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی خۆپیشاندەرە فەڵەستینیەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە لەسەر سنووری غەززە، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتیشیان کرد.

زۆرێک لەو وەزیرانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون لە جامیعەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بڕیارەکەی ئەمەریکاشیان شەرمەزار کرد بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم، وە هەندێک بە کارێکی وروژێنەر ناودێریان کرد.

سەرۆکی جامیعەی وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبوڵ غێت بە ئامادەبووانی وت هەنگاوەکەی ئەمەریکا یاسای نێودەوڵەتی پیشێل کردووە و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی عەرەبیش ڕەت کراوەتەوە.

وتیشی بڕیارەکەی ئەمەریکا هانی توندوتیژیەکانی ئیسڕائیل دەدات. دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل تەقەیان لە خۆپیشاندەرە فەڵەستینیەکان کرد لەسەر سنووری نێوان غەززە و ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئەمەریکا لۆمەی گروپی چەکداری حەماسیان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفادی کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی فەڵەستینی لەو وڵاتەدا دەژی بە زمانێکی توند هێرشی کرد سەر ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

ئەیمەن سەفادی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بگرێتە بەر لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەرە فەڵەستینیەکانەوە. هەروەها وتیشی ئۆرشەلیم ناوچەیەکی داگیرکراوە و چارەنووسی شارەکە تەنها بە سەربەخۆیی یەکلایی دەکرێتەوە.

وتیشی ناوچەکە لە ڕەوشێکی زۆر هەستیاردایە و نائومێدی خەڵکی فەڵەستین بۆتە هۆی کەوتنەوەی توندوتیژی.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر کە سەرکردایەتی کۆبوونەوەی وەزیرەکانی کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سیاسەتمەدارانی عەرەبی ئێستا دۆسییەکە دەبەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵدەدەن ئەو داواکارییانەی هەیانە بیکەن بە کرداری سیاسی.

ئەبول غێت وتی سیاسەتمەدارانی عەرەبی بەتایبەتی دۆسیەکە دەگەیەننە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام بەوەی کە ئەمەریکا لەوانەیە مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت دژی هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل نەبێت، عەبول غێت سووربوو لەسەر ئەوەی وڵاتانی عەرەبی دۆسییەکە دەشگەیەنن بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG