Accessibility links

هاوپەیمانێتی عەرەب بە سەرکردایەتی سعودیە خرایە لیستی ڕەشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە


هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە خرایە لیستی ڕەشی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە هاوپەیمانێتی عەرەبی دەستی هەیە لە خراپکردن و کوشتنی منداڵان لە یەمەن سەرەڕای ئەوەی نوسراوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هاوپەیمانێتیەکە ڕێوشوێنی گرتۆتە بەر بۆ باشترکردنی پاراستنی منداڵەکان.

لە هەوڵێکدا بۆ خۆ دوورخستنەوە لە مشتومڕکردن سەبارەت بە ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە منداڵان و ناکۆکییە چەکدارییەکان، نوسراوەکەی لیستە ڕەشەکە دابەش کراوە بەسەر " ئەو لایەنانەی کە لەو ماوەیەدا ڕێوشوێنیان گرتۆتە بەر بۆ باشترکردنی پاراستنی منداڵەکان و ئەو لایەنانەشی کە ئەوەیان نەکردووە. "

لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت " لە یەمەن کارەکانی هاوپەیمانێتی عەرەب بۆتە هۆی کوژران و خراپکردنی منداڵان و 683حاڵەتی منداڵ هەیە لەسەر ئەم لایەنە. ئەوەش لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان لە ساڵی 2016 دا."

لیستەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان حوسییەکان و هێزەکانی حکومەتی یەمەن و میلیشیاکان و ڕێکخراوی قاعیدەی تێدایە بەهۆی ئەوەی مافەکانی منداڵانیان پێشێلکردووە لە ساڵی 2016 دا هەروەکو چۆن لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2015 دا هاتووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان.

پێویستە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتەکە پەسەند بکات کە دەکرێت دەستکاریش بکرێت. وابڕیاریشە دواتر لەم مانگەدا ڕاپۆرتەکە بدرێتە ئەنجومەنی ئاسایش و لە 31 ی مانگی 10دا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

نوێنەری سعودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی کردەوە لێدوان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە بدات هەتاکو بە فەڕمی بڵاونەکرێتەوە. لە مانگی هەشتیشدا نوێنەری سعودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی هیچ هۆکارێکی نیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی عەرەبی بخرێتە لیستی ڕەشەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دۆجاریک وتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لێدوان لەسەر بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان نادات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG