Accessibility links

لە گڕگرتنی دارستانێک لە نزیک هاوینەهەوارێکی تورکیادا سێ کەس گیانیان لەدەستدا


بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە هاوینەهەوارێکی باشووری کەنار دەریای تورکیا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون.

بەرپرسانی تورکیا لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لە چوار شوێنی ڕۆژهەڵاتی ئەنتاڵیادا و گومانی ئەوەیان هەیە ئاگرەکە بە دەستی ئەنقەست بووبێت.

ئۆفیسی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا وتی سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویشیاندا پیاوێکی تەمەن 82 ساڵی تێدابووە کە بە تەنیا ژیاوە، هەروەها 122 کەسی دیکەش بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆ لە زاری ئۆفیسەکەوە بڵاویکردەوە " چارەسەرکردنی 85 کەس لە دانیشتوانمان بەردەوامە."

سەرەتا ئاگرەکە لە ناوچەیەکی پڕ لە دانیشتواندا سەریهەڵداوە کە دەکەوێتە 75 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئەنتاڵیاوە، هاوینەهەوارێک کە بەتایبەتی بەناوبانگە بە گەشتیارە ڕوسیەکان و گەشتیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ئاگرەکە نزیک دەبۆوە لە کەنار دەریاکە کە هۆتێل و هاوینەهەوارەکانی تێدایە.

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا بەکر پاکدەمیرلی وتی هۆتێلێک لە نزیک شاری گەشتیاری بۆدرومەوە چۆڵکراوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەنتاڵیاوە، ئەوەش دوای ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە لە سەرانسەری باشووری کەنار دەریاکەدا.

وەزیرەکە وتیشی 150 مانگا و هەزاران مەڕ و بزن بەهۆی ئاگرەکەوە سوتاون.

سەرۆکی شارەوانی ئەنتاڵیا موهیتین بۆچیک وتی گومانی هەیە لە ڕووداوەکە چونکە ئاگرەکە لە یەک کاتدا و لە چوار شوێن کەوتۆتەوە.

وتی " ئەمە پێشنیاری ئەوە دەکات ئاگرەکە بەدەستی ئەنقەست بووبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا زانیارییەکی ڕوونمان نیە لەسەر ئەوە ."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە باڵیۆزی ڕوسیا لە تورکیا وتی مۆسکۆ سێ فڕۆکەی گەورەی ئاگرکوژێنەوەی ڕەوانە کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

زیاتر لە 4000 کەس لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی تورکیا ڕەوانەی ناوچەکە کراون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کە پێویستیان بە یارمەتیە.

تاوەکو ئێستا 10 کەسیان ڕزگارکردووە کە لە بەلەمێکدا بوون و دەوروبەرییان ئاگر بووە.

وەزیری ژینگەی تورکیا مورات کوروم وتی " سەرجەم تیمەکان لەوێن، هەموو ئامڕازەکانی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە تەرخان کراون."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG