بەرپرسانی ئەفغانی وتیان تەقینەوەیەک لە ئوتێلێکی شاری جەلالئاباد لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە سێ کەسی کوشتووە و دوانی دیکەی بریندار کردووە.
هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە.
وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی نەنکەرهار وتی تەقینەوەکە لە نهۆمی دووەمی ئوتێلەکە ڕوویداوە و شێخی هۆزەکان لەو نهۆمەدا بوون و لە سەردانێکیاندابوون بۆ جەلالئاباد بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە ناسنامە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان کە حکومەت بەنیازە جێبەجێی بکات.
جەلالئاباد پایتەختی هەرێمی نەنکەرهارە و دەکەوێتە سەر سنووری ئەفغانستان لەگەڵ پاکستاندا کە لەوێ ڕێکخراوی داعش لەم ساڵانەی دواییدا پێگەیەکیان بۆ خۆیان دروست کردووە.
ڕێکخراوەکە بەرپرسیارێتی کۆمەڵێک هێرشیان لە جەلالئاباد ڕاگەیاندووە و لە مانگی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر ئۆفیسێکی لیژنەی ڕزگارکردنی منداڵان لە شارەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز