هاوکاتى زنجیرە تەقینەوەکان کە چەند شارێکى عێراقیان گرتەوە، ئەمڕۆ چوارشهممه بارەگایەکى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان لە باکورى شارى موسڵ تهقێنرایهوهە و خۆکوژێکیش هێرشى کردە سەر مەڵبەندى موسڵى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان. بەهۆی ئهم دوو هێرشه پـێشمەرگەیەک و هاوڵاتیەک کوژران و 3 پێشمەرگە و 3 هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.
سەعید مەمۆزینى: بەرپرسى راگەیاندنى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە موسڵ بە VOA ى ڕاگەیاند کاتژمێر 4 ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئۆتۆمبیلێکى بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بارەگاى ڕێکخراوى گوندى شاقۆلى سەر بە قەزاى حەمدانیە لە ڕۆژهەڵاتى موسڵ تەقیوهتهوه و بەهۆیەوە پـێشمەرگەیەک و 2 هاوڵاتى مەدەنى برینداربوون و بیناى ڕێکخراوەکە بە تەواوى وێرانبووه و هەروەها زیانى مادى به خانوى چەند هاوڵاتیەکیش کهوتووه.
مەمۆزینى ئاماژەى بەوەش کرد ماوەى کەمتر لە یەک هەفتەیە دووجارە بارەگاکانى سەر بە پارتى لە موسڵ دەکرێنە ئامانج. گوتیشى بارودۆخى ئاسایش لە موسڵ ڕوو لە ئاڵۆزى دەکات و تەنها ههر ئەمڕۆ زیاتر لە 12 ڕووداوى تەقینەوە ڕوویانداوە.
هەروەها بەیانى ئەمڕۆ هێرشێکى خۆکوژى بە ڕێگاى ئۆتۆمبیلێکى بۆمبڕێژکراو کرایە سەر بارەگاى مەڵبەندى موسڵى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە گەڕەکى تەئمیم و لە ئاکامدا وەکو شێخ محێدین مزورى بەرپرسى پەیوەندیەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە موسڵ بە VOAى راگەیاند پێشمەرگەیەکى پاسەوانى مەڵبەند کوژرا و دووى دیکەش برینداربوون و منداڵێکى تەمەن 13 ساڵانیش بە هۆیەوە کوژرا.
شایەنى باسە تەقینەوەکانى ئەمڕۆى شارى موسڵ و چەند شارێکى ترى عێراق لە کاتێکدایە کە وڵات لە قەیرانێکى سیاسی دایە و زۆربەى لایەنە سیاسیەکان و کاربەدەستانى هێزە ئاسایشیەکانیش سەرقاڵى ململانێی سیاسین ئەمەش بە ڕاى شیکەرەوان بۆشایـیەکى گەورەى ئاسایشى لە وڵات دروستکردووه.
دهتوانن گوێبیسـتی دهقی ڕاپـۆرتهكه بن له ڕێـگهی كلیـكـكردنی ئهو فایله دهنـگیـیانهی سهرهوهی دهسته چهپ، ماوهكهی 2:48 خولهكه.