Accessibility links

سەرۆکی کاتی جەزائیر: هەڵبژاردن تەنها چارەسەری دیموکراتی قەیرانە سیاسییەکەیە


سەرۆکی کاتی جەزائیر عبدولقادر بن ساڵح وتی جەزائیر پێویستی بە وتوێژێکی نیشتیمانی هەیە بۆ دانانی بناغەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تاوەکو کۆتای بە قەیرانە سیاسییەکان بهێنێت، ئەم لێدوانەی سەرۆکی کاتی جەزائیر هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا کە تیایدا هاوڵاتیان داوای چاکسازییەکی ڕیشەیی دەکەن.

دوای بیست ساڵ دەسەڵات، سەرۆکی پێشووی جەزائیر عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لە دووی مانگی چواردا لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و سوپادا دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، بەڵام خۆپیشاندەران هێشتا داوای گۆڕانکارییەک ڕیشەیی دەکەن لە وڵاتەکەدا.

بەرپرسانی جەزائیر هەڵبژاردنەکانیان دواخست کە وابڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت.

بن ساڵح لە لێدوانێکیدا وتی پێویستە وتوێژێکی نیشتیمانی ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بەڵام هیچ بەروارێکی دیارینەکرد.

بن ساڵح وتیشی " ئەم وتوێژە سەنگ دەخاتە سەر ئامانجە ستراتیژییەکەی، ئەوەش ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانە."

هەروەها سەبارەت بە سوپاش وتی " سوپا لایەنێک نابێت لە وتوێژە نیشتیمانییەکە."

جێی ئاماژەیە خۆپیشاندەران داوا لە بن ساڵح خۆی دەکەن دەست لەکاربکێشێتەوە چونکە هاوپەیمانێکی نزیکی بوتەفلیقە بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG