سەرۆک وەزیری ئەلبانیا ڕۆژی چوارشەممە بەڕیتانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی هاوڵاتیانی ئەلبانی وەکو قوربانییەک بۆ سیاسەتە شکستخواردووەکانی بەڕیتانیا سەبارەت بە کۆچ، ئەمەش دوای لێدوانی وەزیرانی بەڕیتانیا سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی پەناخوازانی ئەلبانی لە بەڕیتانیادا.
سەرۆک وەزیری ئەلبانیا ئێدی ڕاما گوتی بەڕیتانیا بە شێوەیەکی هەڵە ئەلبانییەکان بە " هۆکاری تاوان و کێشە سنوورییەکانی " دەزانێت و بە " شێتی و قسەی ئاسان " ناویبرد.
ڕاما گوتی " لێدوانەکانی بەڕیتانیا لەسەر تاوان " بە " سزادانی بێتاوانەکان " کۆتایی هات، بە خاوەن کارەکان و ئەو هاوڵاتیە ئەلبانییانەشەوە کە ماندوونەناسانە کاردەکەن و باجی بەڕیتانی دەدەن.
ئەم لێدوانانەی ڕاما دوابەدوای لێدوانەکانی وەزیرانی بەڕیتانیا هات کە دەڵێن ئەلبانییەکان لە پشت زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەوەن کە لە ڕێی بەلەمەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا و زۆرێک لەو ئەلبانیایانە دەستیان هەبووە لە تاوانە ڕێکخراوەکاندا و هەوڵیانداوە سوکایەتی بە یاسا هاوچەرخەکانی کۆیلایەتی بەڕیتانیا بکەن.
بەپێی ئەو ژمارانەی کە ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی بەڕیتانیا بڵاویکردەوە، لە مانگی پێنجەوە بۆ مانگی نۆ لە سەدا 42 ی ئەو کەسانەی کە بە بەلەمە بچووکەکان گەشت دەکەن بۆ بەڕیتانیا هاوڵاتی ئەلبانی بوون. بەپێی ژمارەکان، لە ماوەی تەنها پێنج مانگدا 11,000 ئەلبانی گەیشتوونەتە بەڕیتانیا، لە ساڵی 2020 دا لە پێنج مانگدا تەنها 512 ئەلبانی گەیشتوونەتە بەڕیتانیا.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا بەڕیتانیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەلبانیادا واژۆ کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئەلبانیانەی کە مافی مانەوەیان لە بەڕیتانیادا نیە، حکومەتی بەڕیتانیاش وتی دەیەوێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ خێراکردنی پڕۆسەکردنی پەناخوازە ئەلبانییەکان و بەپێی پێویست ڕەوانەی ئەلبانیایان بکاتەوە.
کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی ڕاما پرسیاری لێکرا، وتەبێژێکی حکومەتی بەڕیتانیا وتی پابەندە بە بونیادنانی هاریکارییەک لەگەڵ ئەلبانییەکاندا، بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاساییشەوە.
وتەبێژەکە گوتی " کارکردن پێکەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو دەرفەتەکان بقۆزینەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییەکانی چەتە تاوانکارییەکان و قاچاخچییەکان."
ڕۆژی دووشەممە وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان گوتی " ژمارەی ئەو ئەلبانیانەی دەگەنە بەڕیتانیا زیادیکردووە " و گەنجیشن، کەسانێک کە یان ئەوەتا ئەندامی گروپی تاوانکارین یاخود دەستیان هەبووە لە چالاکییە تاوانکارییەکانی وەکو دەرماندا.
برەیڤەرمان ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆوە دوای ئەوەی گوتی کەناری باشووری بەڕیتانیا لەلایەن پەناخوازانەوە داگیرکراوە.
ڕاما وتی لە سەدا 70 ی ئەو 140,000 ئەلبانییەی کە گواستوویانەتەوە بۆ بەریتانیا پێشتر لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپای وەکو ئیتاڵیا و یۆنان ژیاون و ڕاستەوخۆ لە ئەلبانیاوە گەشتیان بۆ بەڕیتانیا نەکردووە.
گوتی 1200 کەسیان خاوەن کار بوون و ئەگەر بەڕیتانیا یارمەتی زیاتری دەوێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کۆچدا ئەوا پێویستە بە " ڕێزەوە " مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەیدا بکات.
گوتی " ئەلبانییەکانی ناو بەڕیتانیا ماندونەناسانە کار دەکەن و باج دەدەن. بەڕیتانیا دەبێت ڕووبەڕووی گروپەکانی تاوانکاری سەرجەم نەتەوەکان ببێتەوە و جیاکاری دژی ئەلبانییەکان نەکات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەلبانیا بە بەڕیتانیا دەڵێت سەرزەنشتی ئێمە مەکەن لەسەر کێشەکانی کۆچ
