Accessibility links

واشنتن ڕەتی دەکاتەوە بۆردومانی شوێنە سەربازییە سنوورییەکانی سوریا و عێراقی کردبێت


دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوری ڕۆژی دووشەممە وتی فڕۆکەکانی سەر بە هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆردومانی شوێنێکی سەربازی سوریایان کردووە نزیک سنووری عێراق و کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە، بەڵام سوپای ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە ئەو کارەی ئەنجام دابێت.

دەزگای هەواڵی عەرەبیەی سوری لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە هێرشەکە لە شارۆچکەی هورای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەلبوکمال ڕوویداوە. وتیشی ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەیە، بەڵام ئاماژەی بەو ژمارەیە نەدا.

سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتی سەربازیی کە پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکات بە ڕۆیتەرزی وت هێرشەکە بۆتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارە عێراقییەکان.

لیژنەی حەشدی شەعبی عێراقی ڕۆژی دووشەممە وتی بۆردومانێکی ئەمەریکی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریادا بۆتە هۆی کوژرانی 22 چەکداری حەشد و برینداربوونی 12 ئەندامی دیکەیان.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " فڕۆکەیەکی ئەمەریکی دەستی کردووە بە بۆردومانکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی حەشدی شەعبی سەر بە لیوای 45 و 46 کە پارێزگاریان لە زنجیرەی سنووری کردووە لەگەڵ سوریادا و لە ئەنجامدا 22 چەکدار کوژراون و 12ی دیکە برینداربوون."

وتیشی " داوا لە ئەمەریکا دەکەین ڕوونکردنەوەیەک بدات لەو بارەیەوە و لەم جۆرە هێرشانە چەند ساڵێکە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دووبارە دەبنەوە."

وتەبێژی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕائید جۆش جاک وتی " هیچ ئەندامێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشیان لەنزیک ئەلبوکمالەوە ئەنجام نەداوە."

بەرپرسێکی ئەمەریکیش کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی سوپای ئەمەریکا هەست بە نیگەرانی دەکات لە ئەگەری ئەوەی حەشدی شەعبی لەناو عێراقدا کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجام بدات. وتیشی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ئاڕاستەی خۆی لایداوە بۆ ئەوەی بە ئاشکرا ڕوونی بکاتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان نیە بەو هێرشەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا کە ترسی کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە کەم ببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG