Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات: بەرپەرچدانەوەی دوو هێرشی پێچەوانەی داعش لە باغوز


هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت وتی سەرکەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوەی دوو هێرشی پێچەوانەی ڕێكخراوی داعشدا لە باغوز.

وتیشی لەمیانەی کۆتا شەڕدا لە باغوز کە کۆمەڵێک گوند و خاکی کشتوکاڵی لە خۆدەگرێت لەسەر سنووری عێراق کۆمەڵێک هێرشی خۆکوژی داعشیان بەرپەرچداوەتەوە.

سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی ڕێکخراوی داعش دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە دووەم هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوە بە سوود وەرگرتن لەو دووکەڵەی کە ئاسمانی باغوزی داپۆشیوە. وتیشی شەڕ هێشتا بەردەوامە و ڕێکخراوی داعش هیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە و ڕاگیراوە.

دوو هێرشە پێچەوانەکەی داعش هیچ زیانێکی گیانی لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لێنەکەوتۆتەوە، دەزگا ڕاگەیاندنەکە وتی ڕێكخراوی داعش هەوڵیداوە هێرشی خۆکوژی ئەنجام بدات بەڵام هیچ سوودێکی نەبووە.

جێی ئاماژەیە باغوز کۆتا شوێنە لە سوریادا چەکدارانی داعشی لێمابێتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکە زیاد کردووە و خەریکە بەتەواوەتی داعش لەو ناوچەیەدا لەناودەبەن. بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکی وتی ئەمەریکا پێی وانیە گەورە بەرپرسانی ڕێكخراوی داعش لە باغوز مابێتن. شارەزایانی حکومەتی ئەمەریکا پێیان وایە بەغدادی هێشتا لەژیاندا ماوە و پێدەچێت لە عێراق خۆی شاردبێتەوە.

هێشتا ڕێکخراوەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و لە هەندێک شوێندا لە سوریا و عێراق چالاکی ئەنجام دەدەن.

بەرێوبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی وتی شەوی ڕابردوو هێزەکان بە چڕی بۆردومانی باغوزیان کردووە پێش ئەوەی پێکدادانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ چەکدارانی داعشدا دەست پێبکات.

بالی وتی " هێرشی خۆکوژی هەبوون، هەندێک خۆکوژ هەوڵیاندا لەنێو هێزەکانماندا هێرشی خۆکوژی ئەنجام بدەن، هێزەکانمان ئەوانیان کردە ئامانج و کوشتیانن پێش ئەوەی بگەنە نێو گردبوونەوەکان و خاڵەکانی هێزەکانمانەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG