Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ئەفغانستان دوو کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی ئاماژەیان بەوەدا بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئەفغانستان لە شاری خوستی نزیک پاکستان دوو پۆلیس کوژران و دەیان کەسی دیکە برینداربوون، هێرشەکە بە ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجام دراوە و تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن.

بەیانی ڕۆژی سێشەممە هێرش کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری خوستی ئەفغانستان و بەهۆیەوە 14 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و 9 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

دوای تەقینەوەی ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێرشبەرەکان و هێزەکانی ئاسایشدا ڕوویدا و بەپێی پەیامنێرانی فرانس پرێس شەڕەکە هێشتا بەردەوامە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاسایش ئوتومبێلەکە لەبەردەم دەرگای بنکەی هێزە تایبەتیەکانی پۆلیسی خوست تەقێندراوەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تاڕیق عەریان بە ڕۆژنامەنووسانی وت کۆمەڵێک چەکدار هەوڵیانداوە بچنە ناو بنکەکەوە، لەو کاتەدا ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە.

وتەبێژەکە وتیشی چوار کەس لە چەکدارەکان کوژراون و هێشتا دووانیان بەردەوامن لە شەڕکردن.

تاوەکو ئێستا ڕوون نیە چ لایەنێک لەپشت ئەو هێرشەوەیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG