خۆکوژێک به ئوتومۆبیلێکی بۆمبکراو له بنکه‌یه‌کی له‌شکری له باشوری ئه‌فغانستان چوارشه‌مه لانی که‌م دوو سه‌ربازی کوشت و 15ی دیکه‌شی بریندارکردن.
هێرشه‌که له له‌شکرگاه، پێته‌ختی هه‌ریمی هێلماند ڕوویدا و ئامانجه‌که بۆ سه‌ر سه‌ربازانی له‌شکری نیشتمانی ئه‌فغانستان بوو ئه‌وانه‌ی خه‌ریک بوون بۆ کردارێکی دژی تالیبان له نزیک ئه‌و ناوچه‌یه بنکه‌که جێ بهێڵن.
گوته‌بێژێکی هه‌ریمی، عومه‌ر زواک، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای گوت دوو خۆته‌قێنه‌ره به سواری ئوتوموبیلی بۆمبکراو بوون به‌ڵام هێزه‌کانی ئاسایش پێشیان گرتن به‌ر له ئه‌وه‌ی بچنه نێو بنکه‌که، که هه‌وڵیان دا ته‌قینه‌وه ئه‌نجام بده‌ن.
گوته‌بێژێکی تالیبان، قاری یوسف ئه‌حمه‌دی، ئیدعای کرد خۆته‌قێنه‌ره‌کان هێرشیان کرده سه‌ر بنکه‌که و ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌ربازانی ئه‌فغانیان کوشتن.
هێرشی چوارشه‌مه سێهه‌م ته‌قینه‌وه‌ی خۆکوژی له هێلماند له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوودا بووه که ده‌یان که‌سی کوشت. ئه‌و هه‌ریمه‌ی ئه‌فغانستان وه‌ک گه‌وره‌ترین هه‌ریمی به‌رهه‌م هێنه‌ری تریاک له جیهان دا ناسراوه.
یاخیبوانی تالیبان کۆنتڕۆل یان کارتێکردنیان به سه‌ر زۆرینه‌ی 14 له ناوچه‌کان له هێلماند هه‌یه، که له سنوره‌کانی پاکستان نزیکه.