Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان پێشنیاری دانوستانی ئاشتی دەکات لەگەڵ تاڵیباندا بەبێ مەرج


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی پێشنیاری دانوستانی ئاشتی کرد بەبێ مەرج لەگەڵ تاڵیباندا و بە ئامانجی ئەوەی کۆتایی بە شەڕی 16 ساڵەی وڵاتەکە بهێنێت.

پێشنیارەکە لە دەستپێکی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا هات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئاشتی، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ باسکردن لە بابەتی دانوستانی ئاشتی.

عەبدولغەنی پێشنیاری وەستاندنی شەڕی کرد و هەروەها ئازادکردنی زیندانییەکانی کرد و وتی ئامادەیە بە دەستووردا بچێتەوە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا لەگەڵ تاڵیبان کە تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی کابوڵدا بکات.

سەرۆکی ئەفغانستان لە کردنەوەی کۆنگرەکەدا کە نزیکەی 25 وڵات بەشداریان تێداکرد و ناسراوە بە " ئەرکی کابوڵ" وتی " حکومەتی ئەفغانستان دانوستانی ئاشتی پێشنیار دەکات بۆ تاڵیبان بەبێ هیچ مەرجێک."

ئەم لێدوانەی عەبدولغەنی گۆڕانکارییەکەی گەورەیە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر تاڵیبان دوای ئەوەی تاڵیبانی بە تیرۆرست و توندڕەو ناودێر کردبوو.

عەبدولغەنی وتی لە چوارچێوەی کارێکی سیاسیدا ڕێوشوێنی دانوستانی ئاشتی وەستاندنی شەڕ دەگرێتەوە و هەروەها دان بە تاڵیبانیشدا دەنێت وەکو گروپێکی سیاسیی و یاسایی و ئۆفیسی فەڕمیان دەبێت بەڵام دەبێت لە بەرامبەردا دانبنێت بە حکومەتی ئەفغانستاندا و ڕێز لە یاسا بگرن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت زیندانییەکانی تاڵیبان ئازاد بکرێن و ناوەکانیان لە لیستی داواکراوی نێودەوڵەتیدا بسڕدرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG