Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان: لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زۆربەی هێزە بیانیەکان ئەفغانستان بەجێ دەهێڵن


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی وتی پێی وایە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زۆربەی هێزە بیانیەکان بتوانن وڵاتەکە بەجێ بهێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دا بۆ مانەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ کاتێکی نادیار.

لە کۆتایی ساڵی 2014 دا زۆربەی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان کشانەوە و دواتر هێزەکانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قورسییەکی زۆر بوونەوە لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی تاڵیبان و دەرکەوتنی ڕێکخراوی داعش لە وڵاتەکەدا.

لەو کاتەوە هێزە بیانییەکان گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان بۆ پێشکەش کردنی یارمەتی زیاتر بۆ هێزەکان ئەفغانستان و لە مانگی هەشتدا سەرۆک ترامپ پلانی ڕەوانەکردنی هەزاران سەربازیی ئەمەریکایی و هاوپەیمانانی بۆ ئەفغانستان ڕاگەیاند بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی سەربازیی و مەشق پێکردنی هێزەکانی ئەفغانستان و هەروەها بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی زیاتر.

ئەشرەف عەبدولغەنی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ماوەی مانەوەی هێزە بیانییەکان وەکو ئەو پێی وایە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەفغانستان بەجێ بهێڵن، وتی " لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا پێمان وایە هێزەکانی ئاسایشمان لە توانایاندا دەبێت ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن کە لە دەستووردا هاتووە و دەسەڵاتەکان تەنها بە دەست ئەفغانییەکان خۆیانەوە بن."

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کرد کە وتبووی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەندە بە بارودۆخی مەیدانی ناوچەکەوە نەوەکوو کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوە.

لە ساڵی 2016 دا ناتۆ و وڵاتانی هاوپەیمان بەڵێنیاندا بە یارمەتیدانی هێزەکانی ئەفغانستان تاوەکوو ساڵی 2020 .

هەروەها لە کۆبوونەوەی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمەریکا وتیان پێیان وایە بۆ ماوەیەکی درێژ هێزەکانیان لە ئەفغانستان بمێننەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکاش جەیمس ماتیس وتی " بەدڵنیاییەوە دەتوانین ڕاوێژکاری سەربازییمان هەبێت لە ئێستاوە تاوەکوو دە ساڵی دیکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG