Accessibility links

ئەفغانیەکان لە ترسی توندوتیژییەکان لە باکووری وڵاتەکە هەڵدێن


هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی لەو شارانەی باکووری وڵاتەکە هەڵدێن کە تاڵیبان دەستی بەسەرداگرتوونەتەوە، هەندێکیان دەڵێن چەکدارانی تاڵیبان زۆر توندڕەوانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکەدا دەکەن و لاشەی مردووەکان لەسەر شەقامەکان بەجێهێڵدراون و کچەکان دەڕفێندرێن و دەکرێنە بووکی چەکدارانی تاڵیبان، هەروەها کوڕە گەنجەکانیش ناچار دەکرێن شەڕ بکەن.

تەنها لەم هەفتەیەدا زۆرێک لەو هاوڵاتیانە گەیشتوونەتە کابوڵ، ئەوەش دوای پێنج ڕۆژ لە هێرشە توندەکانی تاڵیبان کە تیایدا 8 پایتەختی هەرێمەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوە، هەندێکیشیانی بەبێ شەڕ کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.

بەڵام لەو شوێنانەدا کە بەرهەڵستی هەبووە، ئەوانەی هەڵهاتوون باسیان لە دیمەنی تۆقێنەر کردووە.

ئافرەتێکی شاری کوندوز کە بە شەش منداڵەوە هەڵهاتووە وتی " لاشەی مردوومان بینی لەنزیک بەندینخانەکەوە کەوتبوون، سەگ بەسەریانەوە بوو."

هاوڵاتیەکی دیکەی شاری کوندوز کە بە هەمان شێوە شارەکەی جێهێشتووە وتی " سێ ڕۆژ لەمەوبەر چەکدارانی تاڵیبان سەرتاشێکیان کوشت چونکە پێیان وابوو لەگەڵ حکومەتدا کاردەکات، بەڵام ئەو تەنها سەرتاش بوو." وتیشی " ئەوان سەرجەم ئەو کەسانەیان دەکوشت کە کارییان بۆ حکومەت کردووە، تەنانەت ئەوانەشی کە چوار بۆ پێنج ساڵە وازییان لە کارکردن هێناوە بۆ حکومەت."

کەسێکی دیکەش بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت چەکدارانی تاڵیبان کوڕەکەیان سەربڕیوە.

وتی " بردیان، وەکو ئەوەی مەڕێک بەرن و دواتر بە چەقۆیەک سەرییان بڕی و فڕێیاندا."

کچێکی تەمەن 25 ساڵ کە تازە گەیشتۆتە کابوڵ و لە شاری تەلۆقان هەڵهاتووە وتی لەوە ترساوە بە زۆر ناچاری بکەن هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی تاڵیباندا بکات. وتی " بیستم کچی مامم لەلایەن تاڵیبانەوە بردراوە و ناچارکراوە هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێکیاندا بکات."

هەروەها وتی " ئەگەر دوو کچ هەبێت لە خێزانێکدا یەکێکیان دەبەن بۆ چەکدارێک، ئەگەر دوو کوڕیش هەبن لە خێزانەکەدا یەکێکیان دەبەن و بە ناچاری شەڕی پێدەکەن."

دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەستیان بە کشانەوە کرد لە ئەفغانستان، چەکدارانی تاڵیبان هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG