Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا: دەشێت تالیبان لە ماوەی 90 ڕۆژدا کابوڵ کۆنترۆڵ بکات


کاربەدەستێکی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بە پێی هەڵسەنگاندنێکی زانیاری ئەمەریکا، تالیبان دەشێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان پەراوێز بخات و ڕەنگە لە ماوەی 90 ڕۆژدا دەستی بەسەردا بگرێت.

چەکدارانی تالیبان لە ماوەی شەش ڕۆژدا دەستیان بەسەر پایتەختی هەشت پارێزگادا گرتووە و ئەمە بەلای کاربەدەستانی ئەمەریکاشەوە شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو.

کاربەدەستێکی باڵای یەکێتی ئەوروپاش ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند چەکدارانی تالیبان لە ئێستادا %65 ی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کردووە و مەترسیشن بۆ سەر ناوچەکانی تریش.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستە ئەمەریکاییەکە بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاندووە ئەم هەڵسەنگاندنە لە پاش پێشوەچوونە خێراکانی تالیبان لە ئەفغانستان کراوە. کاربەدەستەکە دەشڵێت " بەڵام ئەمە کۆتاییەکی نەگۆڕ نییە" هێزەکانی ئەفغانستان دەشێت دەرەنجامەکە بگۆڕن بە پتەوکردنی بەرگرییەکانیان دژ بە تالیبان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەمو هیزەکانی لە ئەفغانستان کشاندووتەوە جگە لەوانەی دەمێننەوە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاو فڕۆکەخانەی کابوڵ و بڕیارە لە 31 ی مانگی هەشت ئەرکی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆتایی پێبێت.

XS
SM
MD
LG