Accessibility links

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان : پێویستە چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە بۆ ململانێکانی ئەفغانستان


سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ سکۆت میڵەر

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد ئامادەبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکی ئەرێنی و نەرێنیدا لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان واشنتن و تاڵیباندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی 17 ساڵەی ئەفغانستان.

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ سکۆت میڵەر وتی پێویستە چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزرێتەوە بۆ ململانێکانی ئەفغانستان.

میڵەر لەبەردەم دەیان سەربازانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە کابوڵ وتی " دانوستانەکانی ئاشتی بەردەوامە، لایەنەکانی ناوخۆ فشاردەکەن لە پێناو ئاشتیدا و تاڵیبان باس لە ئاشتی دەکات و حکومەتی ئەفغانستان باس لە ئاشتی دەکات."

بەڵام میڵەر هیچ ئاماژەیەکی نەدا بەو ڕاپۆرتانەی کە گوایە ئەمەریکا بیر لە کشاندنەوەی نزیکەی نیوەی هێزەکانی دەکات لە ئەفغانستان کە ژمارەیان دەگاتە 14 هەزار سەرباز.

وتەبێژی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هیچ فەرمانێکی دەرنەکردووە سەبارەت بە کشاندنەوەی هێز. بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکە ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت نەکردەوە کە تیایدا باس لە کشاندنەوەی هەندێک لە هێزەکان دەکەن لە ئەفغانستان.

میڵەر وتی " ئایا هاوپەیمانێتی ناتۆ دەتوانێت ئەرکەکانی بە تەواوەتی جێبەجێ بکات؟ ئایا دەتوانین خۆمان بگونجێنین؟ ئایا دەتوانین لە شوێنێکی ڕاستدا بین بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆسە ئەرێنیەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی شتە نەرێنییەکان؟ ئەوەیە کە دەمەوێت لە ساڵی 2019 دا بیری لێبکەنەوە."

بەرپرسانی لایەنەکانی جەنگی ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە سێ جار کۆبوونەتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و وەستاندنی شەڕ لە ساڵی 2019 دا. بەڵام سەرەڕای زیادبوونی هەوڵە سیاسییەکان، توندیی شەڕ و پێکدادانەکان کەمی نەکردووە.

وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆلۆنێڵ دەیڤد بەتڵەر وتی " هەتا ئەو کاتەی تاڵیبان بیەوێت شەڕ بکات ئێمە شەڕ دەکەین."

ئاماژەشی بەوەدا ساڵی نوێ هەلێکی دەگمەنی تێدا دەبینرێت بۆ کەوتنەوەی ئاشتی لە ئەفغانستاندا کە ماوەی نزیکەی 40 ساڵە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنێت.

بەتڵەر وتی " بیهێننە پێش چاوتان ئەگەرێک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە 40 ساڵ لە شەڕ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG