بەرپرسانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند وڵاتەکە بەرپەرچی پلانێکی ڕێکخراوی داعشی داوەتەوە بۆ کوشتنی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابوڵ.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا ئەفسەرانی هەواڵگری شانەیەکی داعشیان لە هەرێمی نەنکەرهاری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە کە لە چوار کەس پێکهاتوون و پلانی کوشتنی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابوڵ ڕوس ویڵسن و بەرپرسانی ئەفغانییان داڕشتووە.
ویڵسن بە توندی سەرکۆنەی کوشتارییەکانی کابوڵی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئەفغانستانی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەمدواییانەدا کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوان و سیاسییەکانی ئەفغانستان کوژران.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بکوژەکە و سەرپەرشتیاری شانەکە عەبدولواحید بەنیازبووە نوێنەری ئەمەریکا لە ئەفغانستان و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی باڵای ئەفغانی بکوژێت."
وتیشی " بە دەستگیرکردنیان، پلانەکانیان شکستیان هێنا."
سەرچاوە/ فرانس پرێس