لەم هەفتەیەدا دوو کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی لە قەتەڕ بەڕێوەدەچن، ئامانج لێیان فشار خستنەسەر لایەنەکانی شەڕی ئەفغانستانە تاوەکو دانوستانەکانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە، بەرلەوەی ململانێکانی ناو وڵاتەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچن، بگەنە ڕێکەوتنێک.
ئەم هەوڵە دیبلۆماتیە نێودەوڵەتیە لەنێوەندی پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تاڵیباندا دێت، تەنانەت لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان لەڕێی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە.
هەروەها دوای ئاگادارکردنەوەکەی هەفتەی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە تیایدا ئاماژەی بەوەدا " جەنگ لە ئەفغانستان چووەتە قۆناغێکی نوێی کوشندەتر و وێرانکەرترەوە."
سەرچاوە دیبلۆماتیەکان بە دەنگی ئەمەریکایان وت ڕۆژی چوارشەممە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد و هاوتاکانی لە چین و ڕوسیا و پاکستانەوە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ کۆدەبنەوە.
نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی چین و ئەمەریکا و ڕوسیا و پاکستان بەشێوەیەکی ڕێکخراو ڕاوێژ دەکەن لەسەر چۆنێتی پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی ناوخۆی ئەفغانستان تاوەکو یارمەتی لایەنەکان بدەن بگەن بە ڕێکەوتنێکی سیاسیی هەمیشەیی بۆ ئاگربەست لەو وڵاتەدا.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە دەنگی ئەمەریکایان وت، بەر لە کۆبوونەوەکەی نوێنەرانی ئەو وڵاتانە لە دەوحە، نوێنەرەکان ڕاوێژێک لەنێوان خۆیاندا ئەنجام دەدەن. ڕۆژی سێشەممەش ڕوسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا کۆبوونەوەیەک لەسەر ڕەوشی ئەفغانستان ئەنجام دەدەن.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وتیان ئامانج لە هەردوو کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی " زەمینەیەکی هاوبەشە لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا، " لەکاتێکدا کە تاڵیبان دەستیکردووە بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی پایتەختەکانی هەرێمەکان.
سەرچاوەکان وتیشیان نوێنەری تایبەتی پاکستان بۆ ئەفغانستان موحەمەد سادیق و باڵیۆزی وڵاتەکە لە ئەفغانستان مەنسوڕ خان بەشداری کۆبوونەوەکەی دەوحە دەکەن.
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەمیشە هەوڵ دەدەین گفتوگۆکان خێرا بکەین چونکە پێمان وانیە شەڕکردن چارەسەر بێت بۆ ئەفغانستان."
وتیشی " دەبێت چارەسەرێکی سیاسیی هەبێت، ڕێکەوتنێکی سیاسیی بۆ ئاشتیەکی هەمیشەیی، پابەندی ئەوە دەبین. پابەندین بەوەوە تاوەکو ئامانجەکە دەستەبەر دەکرێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا