Accessibility links

دەوحە میوانداری خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان کابوڵ و تاڵیبان دەکات


بەرپرسێکی باڵای ئەفغانی وتی مانگی داهاتوو دانوستانەکانی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی داوای کردووە دانوستانەکان لە ئەفغانستان بکرێن.

لە 12ی مانگی نۆدا دانوستانەکانی ئاشتی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحە دەستیپێکرد، بەڵام لە ئێستادا تاوەکو 5 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ڕاگیراوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای تەبایی نیشتیمانی ئەفغانستان فەرەیدون خوازۆن کە سەرپەرشتی هەوڵەکانی ئاشتی دەکات لە وڵاتەکەدا وتی " خولی دووەمی دانوستانەکان لە 5 ی مانگی یەکدا لە دەوحە بەڕێوەدەچێت."

لە تویتەر نوسیویەتی " لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە دانوستانەکان لە دەوحە بکرێت." ئەوەشی خستەڕوو ئەو وڵاتانەی کە پێشتر داوایان کردبوو دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داواکانیان کشاندۆتەوە.

بەڵام سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە ماوەی ڕابردوودا داوایکرد دانوستانەکان لە وڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت، وتی " گونجاو نیە سووربیت لەسەر ئەوەی دانوستانەکان لە ئوتێلی گرانبەهادا بەڕێوەبچێت، پێویستە خەڵک بزانێت دانوستانەکان چۆنن و ئەو بابەتانەش چین کە باس دەکرێن."

بزوتنەوەی تاڵیبان لێدوانی لەسەر داواکەی غەنی نەدا بەڵام هەمیشە ڕەتی کردۆتەوە دانوستانەکان لەناو ئەفغانستاندا بکرێن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG