Accessibility links

تاڵیبان پێشنیاری سێ مانگ ئاگربەست دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوەکانیدا


دانوستکارێکی حکومەتی ئەفغانستان وتی تاڵیبان پێشنیاری سێ مانگ ئاگربەستی کردووە، لە بەرامبەر ئەوەدا داوایکردووە 7000 بەندکراوی تاڵیبان ئازاد بکرێن، ئەمەش لەکاتێکدایە چەکدارانی تاڵیبان بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

دانوستکاری حکومەتی ئەفغانستان نادر نادری وتی " ئەوە داوایەکی زۆرە." ئاماژەشی بەوەدا تاڵیبان داواشی کردووە ڕابەرەکانی لە لیستی ڕەشی نەتەوە یەکگرتووەکان لاببرێن.

بەرپرسان وتیان ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات پاسەوانانی پاکستان لەسەر سنوور گازی فرمێسک ڕژێنیان ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی سەدان هاوڵاتی ئەفغانی کە دەیانویست لە سنوورەکە بپەڕنەوە.

دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی خاڵی سنووری سپین بۆڵداکی بەشی ئەفغانستانی کرد، پاکستان لەلای خۆیەوە خاڵە سنوورییەکەی داخست.

بەرپرسێکی ئاسایشی باشووری ڕۆژئاوای سنووری چامان لە بەشی پاکستان وتی " خەڵکێکی سەرکێش کە نزیکەی 400 کەس دەبوون هەوڵیاندا بە بەکارهێنانی هێز لە سنوورەکە بپەڕنەوە، بەردییان هەڵدەدا، ئەوەش ناچاری کردین گازی فرمێسک ڕژێن بەکاربهێنین."

وتیشی نزیکەی 1500 کەس لە ڕۆژی چوارشەممەوە لەسەر سنوورەکە کۆبوونەتەوە و چاوەڕێ دەکەن لە سنوورەکە بپەڕنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG