Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت کچان بەمزووانە دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنگاکان


وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید

تاڵیبان دەڵێت کچانی ئەفغانی ڕێگەیان پێدەدرێت " بەمزووانە " بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگاکان، ئەوەش دوای ئەوەی هەنگاوەکانیان بۆ پەراوێزخستنی ئافرەتان و کچان لە ژیانی گشتی سەرسوڕمان و توڕەیی لێکەوتەوە.

وتەبێژی تاڵیبان ڕاشیگەیاند ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەیان کە سەرجەمیان پیاون لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە.

لە ماوەی دەسەڵاتیاندا لە ساڵی 1996 ەوە بۆ ساڵی 2001، تاڵیبان ناسراو بوو بە فەرمانڕەواییەکی توندڕەو و سەرکوتکەر، لەکاتێکدا ئافرەتان ڕێگەیان پێنەدەدرا کاربکەن یاخود بخوێنن، هەروەها ڕێگەیان پێنەدەدرا بە تەنها لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و دەبوایە خزمێکی پیاوییان لەگەڵدا بووایە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی خوێندنی تاڵیبان نوسراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا فەرمانی بە مامۆستایانی پیاو و خوێندکارە کوڕەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگاکان، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە مامۆستا ئافرەتەکان و خوێندکارە کچەکان نەدا.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ سەبارەت بە گەڕانەوەی کچان بۆ خوێندن، وتی " ئێمە لە قۆناغی کۆتایی شتەکانداین، بەمزووانە ئەوە دەبێت."

وتیشی "پێویست بووە پێشوەخت ژینگەیەکی پارێزراو بۆ فێربوون بڕەخسێنرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG