سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی وڵاتەکەی دوو سەرکردەی باڵای تاڵیبان و ڕابەرێکی کۆمەڵەی حەقانی ئازاد دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی مامۆستایەکی زانکۆی ئەمەریکی و ئوستڕاڵی کە لە ساڵی 2016 دا تاڵیبان ڕفاندیانن.
پێدەچێت بڕیاری ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکان و ئازادکردنی ئەنەس حەقانی ڕابەری کۆمەڵەی حەقانی و ڕابەرانی دیکەی تاڵیبان ڕێگە خۆشکەر بێت لەبەردەم دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا.
غەنی وتی " بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم دانوستانی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ تاڵیبان، حکومەت بڕیاریدا زیندانییەکانی تاڵیبان ئازاد بکات لەبەرامبەر ئازادکردنی دوو مامۆستای زانکۆدا."
ئەم ئاڵوگۆڕکردنە لەکاتێکدا دێت هەوڵ دەدرێت دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان زیندووبکرێنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا تۆڕی حەقانی هێرشی بەرفراوانیان لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە و باوەڕ وایە بنکەکەیان لە پاکستان بێت و بەشێکن لە تاڵیبانی ئەفغانستان.
لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 دا تاڵیبان مامۆستایەکی ئەمەریکی و ئوستڕاڵی لە زانکۆیەکی ئەمەریکی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕفاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز