Accessibility links

له‌ هێرشێکی تالیبان دا پێنج پولیسی ئه‌فغان کوژران


به‌رپرسانی خۆجێی له ولایه‌تی غه‌زنی ئەفغانستان ده‌ڵێن له ده‌ره‌نجامی هێرشی تالیبان بۆ سه‌ر بنکه‌یه‌کی پۆلیس له ولسوالی ده‌شت قه‌ره‌باخی ئه‌م ولایه‌ته 5 پۆلیس کۆژراون و 8 پۆلیسی تریش بریندار بوون. وه‌ک ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی والی غه‌زنی ڕایگه‌یاندوه ئه‌م هێرشه درەنگانی شه‌وی هه‌ینی 15‌ی مانگ ڕوویداوه.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئاماژه‌ش دراوه به وه‌ی که گرووپی تالیبانیش کۆمه‌لێکیان لێ کۆژراوه به‌ڵام نه‌وتراوه ژماره‌ی کۆژراوان و بریندارانی ئه‌وان چه‌ند که‌س بوون. گرووپی تالیبانیش له ڕاگه‌یێندراوێکدا، هێرشی چه‌کدارانی ئه‌م گرووپه‌ی بۆ سه‌ر بنکه‌ی پۆلیسی ده‌شتی قه‌ره‌باخی پشتڕاست کردوه‌ته‌وه به‌ڵام ئاماژه‌ی به ژماره‌ی کۆژراوان و بریندارانی خۆی نه‌داوه.

غه‌زنی له‌و ویلایه‌تانه‌ی ئه‌فغانستانه که ڕه‌وشی ئاسایشی باش نیه. شه‌ڕ و پێکدادان له‌ نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی ئه‌فغانستان و هێزه‌کانی چه‌کداری سه‌ر به تالیبان له‌م ویلایه‌ته‌دا زۆر ڕووده‌دات.

هه‌ر له حه‌وته‌ی ڕابردوودا، هێرشی ئاسمانی هێزه‌کانی ئه‌فغان بۆ سه‌ر کاروانێکی تالیبان له ولسوالی ناوه له ولایه‌تی غه‌زنی بوه هۆی کۆژرانی 23 چه‌کداری ئه‌م گرووپه که 17یان چه‌کداری بیانی بوون. له هێرشێکی تریش له ولسوالی لیوانی ئه‌م ولایه‌ته 8 چه‌کداری تالیبان کۆژران.

له به‌رانبه‌ردا، له ماوه‌ی 45 ڕۆژدا، سێ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شارستانی جەغتۆ له‌م ویلایه‌ته کۆژراون که بوه‌ته هۆی نیگه‌رانی زۆری خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه. خه‌ڵکێک که داوا له به‌رپرسانی حکوومه‌تی ده‌که‌ن هه‌نگاوی جێدی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبگرن.

XS
SM
MD
LG