Accessibility links

بەهۆی شەڕ و پێکدادانێکی توندەوە لە باکووری ئەفغانستان دەیان کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیباندا لە کۆمەڵێک شوێنی سەرەکیدا لە باکووری ئەفغانستان و تیایدا دەیان کەس کوژراون و چەکدارانی تاڵیبان هەڕەشەیان لە شاری ساریبۆڵ کردووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی ساریبۆڵ زەبیحوڵا ئامانی وتی ماوەی دوو ڕۆژە شەڕەکە لە دەوری پایتەختی هەرێمەکە دەستی پێکردووە و لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە 17 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.

وتیشی ئەوە تەنها ژمارەیەکی سەرەتایی کوژراوەکانە و لەوانەیە ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

خراپبوونی ڕەوشی باکووری ئەفغانستان کارەکانی جەنەڕاڵ سکۆت میلەری فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان قورستر دەکات کە مانگی ڕابردوو ئەو پۆستەی وەرگرت.

بەرپرسانی ئەمەریکی هەوڵدەدەن گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا ئەنجام بدەن و لەمدواییانەدا ئەمەریکا نوێنەری پێشووی ئەمەریکا لە ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزادی وەکو نوێنەرێکی تایبەت دەستنیشانکرد تاوەکو هەوڵەکانی ئاشتی لە ئەفغانستان بەرەو پێشەوە ببات.

مانگی ڕابردوو چەکدارانی تاڵیبان بۆ ماوەیەکی کاتی دەستیان گرت بەسەر شاری غەزنەی ستراتیژیدا کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان کابوڵ و باشووری ئەفغانستاندا و ڕووداوەکانی ئەمدواییانە ئاماژە بە بەردەوامی پێکدادانە توندەکان دەدەن کە ئەوەش هیوای دانوستانەکانی ئاشتی ناهێڵێت.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی چەکدارانی تاڵیبان دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک خاڵی پشکنیندا لە دووری کەمتر لە پێنج کیلۆمەترەوە لە ناوەندی شاری ساریبۆڵ و دەستیان گرتووە بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG