Accessibility links

لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە ئەفغانستان 8 سەربازی ئەفغانی کوژران و 9 کەسی دیکە برینداربوون


وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان وتی لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا خۆکوژێک ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوی بە کاروانێکی هێزەکانی ئەفغانستاندا تەقاندەوە و بەهۆیەوە هەشت سەرباز کوژران.

بزوتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، لەکاتێکدا توندوتیژییەکان باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە.

دوای ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان ڕەتی کردەوە سەدان بەندکراوی تاڵیبان ئازاد بکات، لەم هەفتانەی دواییدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی تاڵیبان زیادییان کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا وتی ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکە لە ناوچەی سەید ئاباد لە هەرێمی وەردەک هێزەکانی ئەفغانستانی کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت سەرباز کوژراون و نۆ سەربازی دیکە برینداربوون.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاندوو و تی دەیان سەربازی هێزە تایبەتیەکانی ئەفغانستان کوژراون.

لە مانگی دوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، ئەمەریکا و تاڵیبان ڕێکەوتن لەسەر پلانەکان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان و لەبەرامبەردا تاڵیبان گرەنتی ئاسایش بدات لە وڵاتەکەدا.

بەڵام دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بەمەبەستی کۆتای هێنان بە جەنگی 18 ساڵەی ناو وڵاتەکە دواکەوت، ئەوەش بەهۆی داواکانی تاڵیبانەوە بۆ ئازادکردنی نزیکەی 600 بەندکراوی تاڵیبان کە کابوڵ دەڵێت دەستیان هەبووە لە هێرشە گەورەکاندا.

لە چوارچێوەی رێكەوتنەکەی دەوحەدا، حکومەتی ئەفغانستان زیاتر لە 4000 بەندکراوی تاڵیبانی ئازادکرد، هاوکات تاڵیبانیش سەدان سەربازی هێزەکانی حکومەتی ئازادکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG