Accessibility links

هێرش دەکرێتە سەر گەورەترین نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەفغانستان


وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت ئەمڕۆ چوارشەممە هێرش کراوەتە سەر گەورەترین نەخۆشخانەی سەربازی لە وڵاتەکەدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون.

سەردار داوود خان وتەبێژی وەزارەتی بەرگری وتی نەخۆشخانەکە کە دەکەوێتە نزیک بینای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابولی پایتەخت، 5 چەکدار هێرشیان کردۆتەسەر و سیانیان بە کلاشینکۆف و بۆمبی نارنجۆکی چوونەتە ناوەوە و لە هەردوو نهۆمی 3 و 4 کەوتوونەتە شەڕە تەقە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا.

هاوکات هێزەکانی ئاسایش هەموو جادە و ڕێگەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەکەیان داخست.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند یەک لە هێرشبەرەکانی بینیوە چاکەتی پـزیشکی لەبەردابووە و بە کلاشینکۆف تەقەی کردووە 2 کەسی کوشتووە کە یەکێکیان نەخۆشێک بووە و ئەوی تریان کارمەندی نەخۆشخانەکە بووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەفغانستان لە زاری کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاویانکردەوە کە وتوویانە 13 کەس لە هێرشەکەدا پێوەبوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی تری کابول کراون.

ئەشرەف عەبدولغەنی سەرۆکی ئەفغانستان بە توندی هێرشەکەی سەرگۆنەکرد و وتی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە لە هەموو ئاینێکدا حەرامە و ئەم هێرشەی کراوە وەکو ئەوە وایە هێرشکرابێتە سەر تەواوی ئەفغانستان.

بەپـێی دوایـین هەواڵ داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان بە فڕانس پرێسی وتووە بەهۆی هێرشەکەوە 30 کەس کوژراون و 50 کەسی تر برینداربوون کە زۆربەیان نەخۆش و پـزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG