Accessibility links

پێش وتارەکەی سەرۆکی ئەفغانستان بەبۆنەی جەژنەوە، هێرشی موشەکی کرایە سەر کابوڵ


پێش وتارەکەی سەرۆکی ئەفغانستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، سێ موشەک لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کەوتنە خوارەوە.

سەرەڕای ئەوەی هیچ لایەنێکی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، ئەمە یەکەمین هێرشی موشەکی بوو بۆ سەر کابوڵ لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی تاڵیبانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان.

بەهۆی دەنگی هاتنی موشەکەکانەوە بە ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی کابوڵی پایتەخت کە کۆشکی سەرۆکایەتی و ژمارەیەک لە باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی ئەمەریکای تێدایە، ئارامی بەیانی زووی ڕۆژی جەژن تێکدرا.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان میروایس ستانیکزای وتی " هەر سێ موشەکەکە لە سێ شوێنی جیاوازییان داوە."

وتیشی وادەردەکەوێت موشەکەکان لەسەر پیکابەوە هەڵدرابێتن. وتیشی " بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی گیانیمان بەرنەکەوتووە."

چەند خولەکێک دوای هێرشەکە، سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە وتارێکی پێشکەشی گەلی ئەفغانی کرد.

ساڵی ڕابردوو کۆشکی سەرۆکایەتی هێرشی کرایەسەر، ئەوەش لەکاتێکدا بوو سەدان کەس کۆببونەوە تاوەکو ئامادەی مەراسیمی سوێندخواردنی یاسایی ئەشرەف غەنی بن، هەندێکیان ناچار بوون هەڵبێن.

ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی جیهادی بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەکەی ڕاگەیاند، بەڵام هیچ هەواڵێک لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی نەبوو.

هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەش هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی تاڵیبان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، لەکاتێکدا کشانەوەی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتەدا لە کۆتا قۆناغیدایە.

هەروەها ڕۆژێک دوای داواکانی دامەزراوە دیبلۆماتیەکانی ناو کابوڵ دێت کە تیایدا داوایان کرد " بەپەلە کۆتایی بە هێرشە دڕندانەییەکەی تاڵیبان بهێندرێت." وتیان ئەو هێرشانەی تاڵیبان لەگەڵ قسەکانیاندا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان ناگونجێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG