Accessibility links

کوژرانی سێ کارمەندی هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە ئەفغانستان


کۆمەڵێک چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سێ کارمەندی هەڵمەتی کوتانی منداڵانیان کوشت، ئەوەش دوای ئەوەی کاربەدەستانی وڵاتەکە هەڵمەتی کوتانیان دژی نەخۆشی ئیفلیجی لە منداڵاندا دەستپێکرد.

لە دوو هێرشی جیادا لە جەلالئابادی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سێ کارمەندە گەنجەکە بە فیشەک کوژران، جەلالئاباد بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام کردەوەی توندوتیژی تیادا ئەنجام دەدرێت.

سەرپەرشتیاری سێ کارمەندەکە وەحید ئەڵڵا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت ئەو کارمەندانانەی کوژراون " لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر دەچوون بەمەبەستی کوتانی منداڵان."

بەرپرسێکی ئۆفیسی فەرمانڕەوای ویلایەتی نەنگەرهار کە جەلالئاباد پایتەختەکەیەتی کوژرانی سێ کارمەندەکەی پشتڕاست کردەوە.

لەلای خۆیەوە هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەمەریکا لە کابوڵ ڕۆس ویڵسن کوشتنی سێ کارمەندە گەنجەکەی سەرکۆنەکرد.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە " بەرپرسانی ئەفغانی کرد بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لەم کردەوە توندوتیژە بکەن کە هیچ مانایەکی نیە و تاوانبارانیش ڕادەستی دادگا بکرێن."

جێگری بەڕێوبەری لقی ڕێکخراوەکە سەمیرە حەمیدی وتی " ئەم کردەوە خراپ و ترسنۆکانەیە بووە هۆی کوژرانی سێ ئافرەت کە خۆیان تەرخانکردبوو بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵانی ئەفغانستان."

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان هەڵمەتی کوتان بۆ ماوەیەکی کاتی لە ویلایەتەکەدا ڕاگیراوە.

لەکاتێکدا ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا لەناوبراوە، هێشتا ئەم نەخۆشیە لە ئەفغانستان و پاکستاندا ماوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG