Accessibility links

سه‌رۆکی ئه‌فغان کۆتایی به‌ ئاگربه‌ست له‌ گه‌ڵ تالیبان دێنێت


یاخی بووانی تالیبان گوته‌ی سه‌رۆکی ئه‌فغان به‌ گرنگ ناگرن که‌ ئه‌وان له‌ شه‌ڕکردن ماندووبوونه‌.

سه‌رۆکی ئه‌فغان ئه‌شڕه‌ف غه‌نی شه‌مه‌ ڕێگای به‌ هێزه‌کانی ئاسایشی نیشتمانی دا که‌ کرداره‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یاخیبوان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش وا ده‌کات کۆتایی به‌ ئاگربه‌ستێکی 18 ڕۆژه‌ له‌ گه‌ڵ تالیبان بهێنێت.

حکومه‌ت بۆ ماوه‌ی حه‌توویه‌ک یه‌ک لایه‌نه‌ کرداره‌کانی دژ به‌ تالیبانی له‌ وڵات دا ڕاگرتبوو، که‌ دوو ڕۆژ پێش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ده‌ستی پێکرد.

پاشان غه‌نی یه‌ک لایه‌نه‌ ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی بۆ 10 ڕۆژی دیکه‌ درێژتر کرده‌وه‌، هیواداربوو هانی یاخیبووان بدات ده‌ست له‌ شه‌ڕ هه‌ڵبگرن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ وتووێژێک بۆ کۆتایی پێهێنان به‌ شه‌ڕ بکه‌ن.

هه‌روه‌ها تالیبان له‌ ماوه‌ی 17 ساڵ شه‌ڕ بۆ یه‌که‌م جار له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی جێژن دا هێرشه‌کانیان ڕاگرت. به‌ڵام یاخیبووان داوای غه‌نیان به‌ گرنگ نه‌گرت که‌ ماوه‌ی ئاگربه‌سته‌که‌ درێژتر بکه‌نه‌وه‌ و له‌ ئه‌و کاته‌وه‌ هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر هێزه‌کانی ئه‌فغان ده‌ستپێکردۆته‌وه‌.

غه‌نی له‌ ماوه‌ی کۆنفڕانسێکی هه‌واڵنێری له‌ شاری کابۆل دا گوتی: "ئاگربه‌سته‌که‌ به‌ کۆتایی هاتووه‌ و هێزه‌کانی ئاسایش و به‌رگری ئێمه‌ ڕێگایان پێده‌درێت ده‌ست به‌ کرداره‌کانی خۆیان بکه‌نه‌وه‌."

به‌ڵام، ئه‌و جه‌ختی کرد حکومه‌ت هه‌وڵ ئاشتی و ئاشتبوونه‌وه‌ی سیاسی له‌ گه‌ڵ تالبیان به‌رده‌وام ده‌کات له‌ ده‌مێکدا کرداره‌کانی ئاسایش به‌ڕێوه‌ده‌بات. غه‌نی گوتی ئاگربه‌ستی جێژنی ڕه‌مه‌زان سه‌لماندی گه‌ڵێک شه‌ڕکه‌ری تالیبان له‌ شه‌ڕ ماندوو بوونه‌و و هه‌وڵی ئاشتی ده‌ده‌ن.

غه‌نی داوای له‌ تالیبان کرد که‌ بێن و ده‌ست به‌ وتووێژ بکه‌ن.

XS
SM
MD
LG